ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە
2024-04-08
بە وتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگەی هەولێر ٤١ دوکان سووتاون و بەرگریی شارستانیش تا ئێستا نازانێت هۆکاری ئاگرەکە چی بووە.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە دوای جەژنی ڕەمەزان بازاڕەکە ڕێکدەخەنەوە، چونکە دوکاندارەکان زیادەڕۆیی زۆریان کردووە.
لە ماوەی دوو مانگدا ئەوە دووەمجارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بکەوێتەوە، مانگی دووی ئەمساڵیش ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە و نزیکەی ٢٠٠ دوکانی سووتاند.
کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانن و تەنها ئەوەندە دەزانن ئاگرەکە بە دوو قۆناغ دروست بووە.
وتیشی: "ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، دەبێت لیژنەیەکیش زیانە ماددییەکان بخەمڵێنێت".