لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 70 کرێکار لەسەر پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لە دەستداوە
2024-04-13
لە هەرێمی کوردستان پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان بوونەتە شوێنی گیانلەدەستدانی کرێکاران، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، پڕۆژەکان گوێ بە سەلامەتیی کرێکار نادەن.
بەپێی بەدواداچوونێکی موڵک داتا، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 70 کرێکار لەسەر پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100 کرێکاریش بریندار بوون. لەمساڵیشدا تا ئێستا چوار کرێکار گیانیان لە دەست داوە.
چالاک ڕەئوف، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، نزیکەی هەموو ئەو کرێکارانە لەسەر پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان و باڵەخانەکان گیانیان لەدەست داوە.
وتیشی: "خاوەن کارەکان سەلامەتیی کرێکار لەبەرچاو ناگرن و هۆشیاریی سەلامەتی نادەن بە کرێکار، ئێمەش هەر ئەوەندەمان پێدەکرێت بەدواداچوون بکەین و پڕۆژەکان لە سەلامەتیی پیشەیی کرێکار ئاگادار بکەینەوە".