حکومەتی ئیسپانیا پلانەکانی بۆ نەهێشتنی ڤیزەی نیشتەجێبوون بۆ وەبەرهێنەرانی خانووبەرە ڕاگەیاند
spain

2024-05-12

لە هەنگاوێکی نوێدا کە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی بازاڕی خانووبەرەیە و دڵنیابوونە لە دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، حکومەتی ئیسپانیا پلانەکانی بۆ نەهێشتنی ڤیزەی نیشتەجێبوون بۆ وەبەرهێنەرانی خانووبەرە ڕاگەیاند.
بڕیارەکە هاوکاتە لەگەڵ چالاککردنی دامەزراوەیەکی پاڵپشتیکراوی ٢ ملیار یۆرۆیی بۆ دروستکردنی ٤٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی گشتی و تایبەت بۆ مەبەستی کرێی کۆمەڵایەتی.
لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە ئیسپانیا ڤیزا دەدات بەو هاووڵاتییانەی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، کە وەبەرهێنان بە بڕی نیو ملیۆن یۆرۆ لە وڵاتەکە دەکەن، لە سەرەتای پلانی ڤیزەی زێڕین تا ئێستا ١٤ هەزار و ٥٧٦ ڤیزا بەستراوەتەوە بە وەبەرهێنانی خانووبەرە، کە زۆرینەیان بۆ هاووڵاتییانی چین، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، ئۆکرانیا، ئێران، ڤەنزوێلا و مەکسیکن.
بەشێکی زۆری ئەم وەبەرهێنانانە لە دەوری پارێزگاکانی وەک بەرشەلۆنە، مەدرید، مەلەگا، ئەلیکانتێ، دوورگەکانی بالیاریک و ڤالێنسیا بووە و بە کۆی گشتی 90%ـی ئەو ڤیزانە پێکدەهێنێت، کە لە سەرانسەری وڵاتدا دەدرێن.