پێدانی زەوی بە فەرمانبەران خانەنشینانیش دەگرێتەوە
2024-05-15
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی زەویی بە فەرمانبەران پەسەند كرد و خانەنشینانیش دەگرێتەوە.
موفیدە یونس، ڕاوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بۆ میدیای فەرمی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، وەزارەت هەستاوە بە ئەنجامدانی ڕێكارەكانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی و بۆ ئەوەش ڕێنمایی تایبەتی ئامادە كردووە و لە لایەن وەزیری شارەوانییەوە واژۆ كراوە و دواتر لە وەقائیعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون و ئەو خانەنشینانەی لە كاتی خزمەتی وەزیفی سوودمەند نەبوون پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە.
وتووشیەتی: "دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەپێی دوو بنەما دەبێت، كە بەپێی شوێنی لەدایكبوون و شوێنی كاركردن دەبێت و هەروەها بەپێی بوونی شوێنی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەك و بۆ ئەوەش فەرمانبەر سەرپشك دەبێت، كە لە شوێنی لەدایكبوونی یان سنووری شوێنی كارەكەی زەوی وەربگرێت”.
ئاشكراشی كرد، دابەشكردنی زەوی لە سنووری هەر شارەوانییەك بەپێی تیروپشك دەبێت بەسەر فەرمانبەران و بەپێی خاڵبەندی دەبێت، كە خاڵبەندییەكە بەپێی ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزانە، بۆیە هەر فەرمانبەرێك پێشتر سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە 8 ساڵ زیاتر بێت وەرگرتنی زەوی دەیگرێتەوە.