ڕێنماییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە
hawler - zawi

2024-06-01

هەر ژن و مێردێك خاڵی كامیان زیاتر بوو زەوی بەناوی ئەوەوە دەكرێت

لە یەكێك لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا هاتووە، ئەگەر ژن و مێرد، هەردووکیان فەرمانبەر بوون، خاڵی هەردووکیان کۆدەکرێتەوە و خاڵی کامیان زیاتر بوو، بەناوی ئەوەوە دەکرێت، بەهەمان شێوەش ئەگەر لە یەک ژن زیاتری هەبێت.
..............
ڕێنماییەکە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوكراوەتەو لە پێنج ماددە پێکهاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە:

ـ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، زەوی دابەش دەکات بەسەر فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەندنەبوون، بەپێی ڕێنمایی، ڕێکار، پلانسازی و هونەرییەکان کە بۆ ئەم مەبەستە دەردەچێت.

ـ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەتی "فعلییان" لە هەشت ساڵ بەرەو سەرەوەیە، دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکەن و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان، شوێنی لەدایکبوون، دەچێتە پێشبڕکێوە.

ـ ئەگەر ژن و مێرد، هەردووکیان فەرمانبەر بوون، خاڵی هەردووکیان کۆدەکرێتەوە و خاڵی کامیان زیاتر بوو، بەناوی ئەوەوە دەکرێت، بەهەمان شێوەش ئەگەر لە یەک ژن زیاتری هەبێت.

ـ هەر فەرمانبەرێک پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری سوودمەندبوو لە وەرگرتنی زەوی، ئێستا هاوژینەکەی کە سوودمەندنەبووە لە وەرگرتنی زەوی، ئەوا دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی زەوی.

ـ دادوەر، داواکاری گشتی، ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە زانکۆکان، فەرمانبەرانی پلە تایبەت و پلە باڵا، مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە بە زیادکردنی چوار خاڵ بۆ کۆی خاڵەکانیان بە مەرجێک پێشتر سوودمەند نەبووبن.

ـ تەرخانکردنی زەوی لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانبەر و بەپێی کارتی زانیاری دەبێت.

ـ ئەو زیندانیییە سیاسی و دیلەکانی جەنگ و هەر فەرمانبەرێک پێش ڕاپەڕین، زەوییان وەرگرتبێت، بە سوودمەند هەژمار دەکرێن و مافی پێشکەشکردنی داواکارییان نییە، بەڵام وارسی شەهید و ئەنفالکراوان کە پێشتر زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بە سوودمەند هەژمار ناکرێن  و دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکەن.

ـ ڕووبەری زەوی تەرخانکراو بۆ فەرمانبەران لە پارێزگا، قەزا و ناحیەکان، 200 مەتر دووجا دەبێت و نرخی هەر مەترێک دووجا لەنێو پارێگاکان بە پێنج هەزار دینار، لەنێو قەزاکان سێ هەزار دینار و لەنێو ناحیەکانیش بە دوو هەزار دینار تەرخانکراوە.

ـ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لە سەرۆکایەتی شارەوانییە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری یەکە ئیداری و فەرمانگە پەیوەندیداریش بەشدار دەبن.