دەستەی ژینگە: بەشێكی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پابەندی ڕێژەی سەوزایی نابن
2024-06-06
موڵك نیوز ـ هەولێر
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێكی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پابەند نابن بەو ڕێژە سەوزاییەی بۆیان دیاریكراوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە رۆژی 5/6 ی وەكو رۆژی جیهانی ژینگە دیاریكردووەو ساڵانەش كۆنگرەی تایبەت بە دۆخی ژینگە ساز دەكات.
پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی دەستەی ژینگەوە كار بۆ ژینگەیەكی تەندروست دەكرێت، عەبدولڕەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی ژینگە بە موڵك نیوزی رایگەیاند، هەموو پڕۆژە پیشەسازی و نەوتییەکان، موەلیدەکان و ئۆتۆمبێلەکان هەموو ئەوانە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان پێدەدەین دواتر بەدواداچوونی بۆ دەکەین بە نموونە هۆکارێکی دیکە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونە، کە ئەگەر سەوزی نەکردبوو، دەبێت بیکات.
لەبارەی رێژەی سەوزایی لە پڕۆژەکان نیشتەجێبوون ئاماژەی بەوەكرد، ئێمە لە كاتی مۆڵەتی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون ڕێكارەكانی خۆمان دەگرینەبەر و هەڵسەنگاندن دەكەین، لە هەموو پڕۆژەکان دەبێت رێژەیەک سەوزایی هەبێت بە نموونە پڕۆژەی گەورەکان نابێت ڕێژەی سەوزایی كەمتر بێت لە 25٪.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان وتیشی، بەشێكی پرۆژەكان پابەندی ڕێژەی سەوزایی نابن بەڵام داتایەكی دیاریكراوم ئێستا لەبەردەست نیە سەبارەت بە ژمارەی ئەو پرۆژانە. لیژنەكانمان سەردانی پرۆژەكان دەكەن و ئەوەی پابەند نەبێت رووبەرووی سزا دەبێتەوە، سزاكانیش بە گوێرەی ڕێژەی سەوزاییەكەیەو بە پارە غەرامە دەكرێن كە بە یاسا ڕێكخراوە.
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی لە ناو سەنتەری شاری هەولێر عەبدولڕەزاق خەیلانی وتی، بە گوێرەی داتای باخچەكان ڕێژەی سەوزایی لە نێوان سەدا 19 بۆ 20 ە.
بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون، نزیکەی لە سەدا 40ی زەوی کەم دەبێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نیوەی دانیشتوانی جیهان دەکات. تێکڕای ماوەی وشکەساڵی بە ڕێژەی 29٪ زیادی کردووە لە ساڵی 2000 ەوە، هەنگاوی بەپەلە نەنرێت، وشکەساڵی لەوانەیە تا ساڵی 2050 کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ چارەکی دانیشتوانی جیهان هەبێت.