راپرسییەكی بەریتانی: ژمارەی ئەو قوتابیانەی بە برسێتی دێنە قوتابخانە زیادبووە
2024-06-06
موڵك نیوز
بەپێی راپرسییەك كە لە ناو مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکانی بەریتانیا كراوە دەركەوتووە، ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە بە برسێتی دێنە قوتابخانە زیادبووە. جلوبەرگی شیاو و پێویستیان لەبەر نییە. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و خانووبەرە.
فیدراسیۆنی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە بواری پەروەردە ئەنجامی راپرسییەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا هاتووە، لە ساڵی 2021ـەوە نرخی وزە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و خانووبەرە.
هەرچەندە بەراورد بە 2022 نرخەکان دابەزیون، بەڵام کاریگەری بەرچاویشی لەسەر قوتابیان، خێزانەکانیان و خەرجیی قوتابخانەکانیان داناوە.
راپرسییەكە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ كراوەو و زیاتر لە هەزار و 200 مامۆستای قوتابخانەکانی بەریتانیا بەشدارییان تێدا کردووە.
بەگوێرەی راپرسییەكە، مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان دەڵێن، بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە بە برسێتی دێنە قوتابخانە، زیادبووە. جلوبەرگی شیاو و پێویستیان لەبەر نییە و کەرەستەی پێویستیشیان بۆ وانەکان پێ نییە.
فیدراسیۆنەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەمساڵ نزیکەی 19٪ـی مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان و 17٪ـی مامۆستایانی ناوەندی لە راپرسییەکەدا گوتوویانە بە پارەی خۆیان هاوکاریی قوتابییانیان کردووە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی قوتابخانە، لەنێویاندا خواردن و جلوبەرگ.
ئەوەش روونكراوەتەوە، دۆخی دارایی قوتابخانەکان روو لە خراپییە. 93٪ـی خودی مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و 87٪ـی مامۆستایانی قوتابخانە ناوەندییەکان ناچار بوون لانیکەم لە بوارێکدا خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە.