وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران: چوونی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق بووەتە دیاردە
2024-06-08
موڵك نیوز
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاماژە كردن بە لاواز بوونی دۆخی وەبەرهێنانی خانووبەرە رایدەگەیەنێت: چوونی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بووەتە دیاردە.
مەلا یاسین مەحمود بە موڵك نیوزی راگەیاند، ئێستا زۆرینەی پڕۆژەی پارێزگاکانی عێراق بەدەست وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، چوونی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق لە 2014ـەوە سەری هەڵداوە، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردە.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران وتیشی، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی نەختینە و نەمانی پێشینەی خانووبەرە، سندووقی نیشتەجێبوون، پێشینەکانی هاوسەرگیری، پیشەسازی و گەشتیاری، پڕۆژەکان تاوەکو ئەندازەی باش بەهای خۆیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سست و لاوازە و هۆکاریش زۆرن؛ دوو ساڵە بەردەوام خواستی هاووڵاتیانی عەرەب لەسەر خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە، ئێستا گەیشتووە ئەوەی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 80 بۆ 90%ـی کڕینی خانووبەرە لەلایەن هاووڵاتییانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.
ملا یاسین ئاماژەی بە هۆكارەكان كرد و وتی، حکومەتی عێراق پارە بۆ کەرتی خانووبەرە دەدات، هاووڵاتیی عێراقیش ناچار نییە بێتە هەرێمی کوردستان خانوو بکڕێت و هیچ پێشینەکەی پێ نەدرێت، لەکاتێکدا لە عێراق 150 ملیۆن دیناری پێ بدرێت. هەروەها جاران بۆ هەلی کار دەهاتن، ئێستا هەلی کار لە بەغدا و شارەکانی دیکە زۆر بووە و خەڵکیش کار و ژیانی لە کوێ بو روو دەکاتە ئەوێ.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت، وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو 2013 زیاتر لە 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کرد، ئێستا هەر ئەو وەبەرهێنەرانە رۆڵێکی باڵا لە پڕۆژەکانی عێراق دەگێڕن.