دوو بڕیاری حكومەتی هەرێم و كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە
hawler

2024-06-08

موڵك نیوز


بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی 100 مەتری كاریگەری جۆراوجۆری لەسەر بازاڕی خانووبەرەو عەقارات دروستكردووە.

فەرهاد سلێمان لە بازاڕ بۆڕسەی عەقاراتی هەولێر كار دەكات بە موڵك نیوزی راگەیاند، بڕیاری مۆڵەتی دروستكردنی خانووی دابەش دوو كاریگەری لەسەر جموجوڵی بازاڕ و نرخی زەوی دەبێت، بە جۆرێك ئێستا نرخی زەوی بە ئاراستەی بەرز بوونەوە جوڵەیەكی كردووە.

فەرهاد زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی بە نمونە هێنایەوەو وتی، لە دوای بڕیارەكەوە لە شوێنێكی وەكو هەشتی حەسارۆك نرخی زەوی لە نێوان ( 1000 بۆ 1500 ) بەرز بۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕ، بەڵام نرخی شوقە دادەبەزێنێت، چونكە خەڵكی ئامادە نیە پارەیەكی زۆر بداتە كڕینی شوقە.

ئەوە لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەكرد، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بڕیاریدا مۆڵەت بداتە ئەو زەوییانەی دابەشی دوو دەكرێن بۆ دروستكردنی خانوو بە مەرجێك رووبەری زەوییەكە لە 200 دووجا كەمتر نەبێت.