خاوەنی عەقاراتێك: ئەوانەی دەڵێن بازاڕ سست بووە ڕاست ناكەن و بەهیچ شتێك ڕازی نین
nnnn

2024-06-08

موڵك نیوز
خاوەنی كۆمپانیایەكی عەقارات پێچەوانەی قسەی ئەو كەسانەی پێیان وایە بازاڕی كڕین و فرۆشتن سست بووە، دەڵێت: ئەوانە ڕاست ناكەن و بەهیچ شتێك ڕازی نین، ئەوەی ئێستا هەیە بازاڕی ڕاستەقینەیە و بازاڕی من ئەمساڵ لە ساڵەكانی دیكە باشترەو سێ لقی نوێم كردۆتەوە.


ڕابەر وەرتی خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی ڕابەر وەرتی بە موڵك نیوزی ڕایگەیاند: ڕێژەی كڕین و فرۆشتن پەیوەندی بە متمانەی ئەو كەسانەوە هەیە كە لە بازاڕەكە ئیشیان كردووە، ئێستا زەوی و خانوو بازاڕیان باشە و گران بووە، خەڵكی لە كڕینی ئەو شوقانە كشاونەتەوە كە كێشەیان تێدایە و پێیان تەواو ناكرێت.


وتیشی، ئەوەی ئێستا هەیە بازاڕی راستەقینەیە، ئەوانەی دەڵێن بازاڕ سست بووە ئەم دۆخەیان نەبینیوە، لە كاتی بازاڕ فولی هاتوونەتە ناو ئیشەكە بۆیە ناچارن وا بڵێن، دۆخی بازاڕی عەقارات بۆ هەموو كەسێك وەكو یەك نییە، بازاڕی من ئەمساڵ لە ساڵەكانی دیكە باشترە و سێ لقی نوێم كردۆتەوە، عەقارات لە هەموو ئیشەكانی تر باشترەو لە پێشەوەیە.

لەبارەی كەمبوونەوەی كڕیاری عەرەب وەرتی ئاماژەی بەوەكرد، من كڕیاری عەرەبم كەم بووەو كەمتر ئیشم لەگەڵیان كردووە با عەرەبیش موڵك نەكرێت خۆمان كڕیاری باشی كوردمان هەیە، هەندێ شوێن بازاڕی فولەو هەندێكی خراپە ناكرێ بڵێی هەمووی خراپە، كەسانێك پێشتر ئیشیان فرت و فێڵ بووە، ئەوانەی باسی كەمبوونەوەی كڕیاری عەرەب دەكەن راست ناكەن و بە هیچ شتێك ڕازی نین.

ڕابەر وەرتی ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ناو ئەو هەموو كێشەو هەواڵی بردنی پارەیە هێشتا دۆخی عەقارات باش ماوەتەوەو خۆڕاگرە، لە بازاڕ پێشتر عەقارات و كڕیاری راستەقینە نەبووە ( فەیك بووە ) بۆیە بازاڕ وای لێهاتووە، ئەوەی ئێستا هەیە عەقارات و كڕیاری راستەقینەیە.

لە كۆتایی قسەكانیدا خاوەنی ئەو كۆمپانیایەی عەقارات ئەوەشی وت، خەڵكی ئێستا هۆشیار بۆتەوەو تەماشای كوالێتی و خزمەتگوزاری پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكات، ئەمە هۆكارەكەیە نەك بڵێی كڕین و فرۆشتن كەمبۆتەوە.