کرێی خانووبەرە لە تاران لە ماوەی 10 ساڵدا 540٪ بەرز بووەتەوە
حران

2024-06-10

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کرێی خانووبەرە لە تاران بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەك لەو ماوەیەدا کرێی خانووبەرە بە ڕێژەی 540% زیادی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی پەرشین سازە، لە ئێستادا کرێی خانووبەرە لە هەموو ناوچەكانی تاران یەکسان کراوەو  جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. هەروەها به پێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی جەماران، سەبارەت بە بازاڕی خانووبەرە لە تاران، پێوەرەکانی کرێی خانووبەرە لە ماوەی مانگێكدا بە ڕێژەی 0.2% زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش به ڕێژەی 5.44% و 6.51% زیادی کردووه.

یەکێك لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کرێ لە بازاڕی خانووبەرەی تاران، ناهاوسەنگی نێوان خستنەڕوو و خواست بە ئاشکرا دیارە. لە ناوچەکانی باکووردا شوقەی تازە دروستکراوی زۆر هەیە، بەڵام خواست لە كرێ كەمە، زۆربەی شوقە چۆڵەکانی ناوچەکانی باکوور لە ڕووی قەبارەو نرخەوە لەگەڵ بودجەی خێزانە مامناوەندەکان ناگونجێت، ئەمەش نیگەرانی خێزانە کرێنشینەکان زیاتر دەکات.

حکومەت دوو پلانی پێشنیار کردووە بۆ ڕێکخستنی بازاڕی کرێ، بەڵام پێدەچێت یەکێکیان بە باشی بەڕێوە نەچێت، پلانی دووەم، کە لەلایەن بانکی مەسکانەوە پێشنیار کراوە، پێدانی قەرزی کرێچی لەخۆدەگرێت و لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە، دانانی سندوقی پشتگیری کرێچی و کردنەوەی ئەکاونت بۆ کرێچیەکان بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاسانکاری بانکی بۆ زیادکردنی توانای پارەدانیان لەنێو ئەو ڕێگایانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە.

بەهۆی کەمی هێزی ئابووری کرێنشینەکانەوە، شارەزایان پێشبینی دەکەن کە ئەمساڵ ڕووبەڕووی کۆچی چینایەتی ببینەوە.
سەلمان خادمول مەلا، شارەزا لە بواری ئابوری خانووبەرە دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خانووبەرە بە بەرهەمێکی نایەکسان دادەنرێت، ڕەنگە ئەمساڵ زیاتر لە 30٪ کرێی خانووبەرە زیاد بکات، بەرهەمی ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی کۆچی چینایەتی، واتە ئەوانەی لە ناوچەکانی باکوری شارەکە دەژین دەچنە ناوچەکانی ناوەڕاست، کرێچیەکانی ناوەڕاستی شار کۆچ دەکەن بۆ بەشەکانی خوارەوەو بەشەکانی خوارەوەی شارەکان فڕێدەدرێنە دەرەوەی شار.