سێ هۆكاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار
دۆلار

2024-06-10

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزینێكی نوێی تۆمار كرد و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكار.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە موڵك نیوزی راگەیاند، ئێستا 100 دۆلار بە 146.500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت،

ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە پێشتر 197 كۆمپانیا لە لیستی پێدانی دۆلار دوور خرانەوە، كەمكردنەوەی خستنەڕووی دۆلاریش لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان.

جەبار گۆران وتیشی، هۆكارێكی دیكە بەهۆی نزیك بوونەوە لە جەژنی قوربان خواست لەسەر دۆلار زیادی كردووە، بەهۆی سەفەری هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی عێراق،

لەبارەی پێشبینییەكان و ئەگەری دابەزینی زیاتری بەهای دینار، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی رایگەیاند، ئەوە پەیوەستە بە خستنەڕووی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە، بۆ نمونە ئەمڕۆ بانكی ناوەندی 18 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری خستۆتەڕوو بە نەقدی، بەڵام دوێنێ 24 ملیۆن و 230 هەزار دۆلاری خستەڕوو، نزیكی 6 ملیۆن دۆلاری ئەمكردەوە، ئەمە كاریگەری هەیە. 

ئەوەشی وت، ئەگەر خستنەڕووەكە بڕێك زیاد بكات رەنگە پێش یان دوای جەژن بەهای دۆلار دابەزین تۆمار بكات، هیچ هۆكارێكی گەورە نابینم بۆ دابەزینی بەهای دینار، بۆ ئەمە دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق لەبارە.

لەبارەی دۆخی ئابوری و وەبەرهێنان كاریگەری لەسەر بەهای دینار، جەبار گۆران وتی، ئامرازەكانی گەشەكردنی وەبەرهێنان، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، وا دەكات داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات، بەمەش خواست لەسەر دراوی ناوخۆیی دەكات و بەرز دەبێتەوە. واتە تاوەكو ئابوری عێراق گەشە بكات، بەهای دیناری عێراقیش خواستی زیاتر لەسەر دروست دەبێت و بەرز دەبێتەوە، هەروەها گرنگە هەموو مامەڵە ناوخۆییەكان بكرێتە دینار.