قائیمقامی چەمچەماڵ :هاوڵاتیانی قەزاکە 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەیان پێنەدراوە
2024-06-12
لەبارەی بێ ئاوی هاوڵاتیانی قەزاكە، قائیمقامی چەمچەماڵ بانگەوازێكی بەپەلە ئاراستە دەكات و دەڵێت: ئەمەی دەیڵێم و هاواری بۆ دەکەم، هاواری دایکی شەهیدان و نەوەی ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین و دانیشتویانی سەرزەمینی ئەنفالە،
رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، لە بانگەوازێکدا كە ئاراستەی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووەو دەڵێت: لەچەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما ڕۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتیان دوا دەکەوێت، ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە پێماندراوە لەژمارەی نوسراوەکانمان زیاترە ، کەچی کێشەی ئاو وەک خۆیەتی و لەچەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە هەموو هاوینێک قەیرانی ئاو دروست دەبێت.
لە بانگەوازەكەی قەئیمقامی چەمچەماڵ ئەوەش هاتووە، لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاترلە 7 هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، کە دانیشتوانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتیە وا 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بەبەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتردەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمەی دەیڵێم و هاواری بۆ دەکەم هاواری دایکی شەهیدان و نەوەی ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین و دانیشتویانی سەرزەمینی ئەنفالە لە دەمی ڕەمک دەیبیستن، ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵدا بووە لە نوسراو و کردار ئێمە کردوومانە ، بەڵام کاتێک بڕی ئاوی پێویست بە قەزاکە نەگات ناچارین هاواربکەین تا بە دەنگی هاوارمانەوە بێن، چونکە ئاوی خواردنەوە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانە و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەش لە بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە گرنگترە کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان بە بودجەی گەورەتر جێبەجێ دەکرێن .
كێشەی ئاوی خواردنەوە بەتایبەت لە وەرزی هاوین، كاریگەری لەسەر دۆخی خانووبەرەش دروست دەكات، بەشێوەیەك ئەو گەڕەكانەی كێشەی ئاویان هەیە لە رووی نرخی فرۆشتن و كرێشەوە جیاوازییان هەیەو كەمتر مامەڵەیان پێوە دەكرێت.