بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون 43 كەس گیانیان لەدەستدا
2024-06-12
بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی نیشتەجێبوونی کرێکاران لە وڵاتی كوەیت 43 كەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6/2024، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی نیشتەجێبوونی کرێکاران لە ناوچەی "المنقف"، تا ئێستا 43 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١١ کەسی دیکەش برينداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەى بەوەكردووه، كاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکیان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆوە پێگەیشتووە کە تیایدا هاتووە ئاگر لە باڵەخانەیەک لە ناوچەی "المنقف" کەوتووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ٣ وێستگە بەرەو شوێنی ئاگرەکە ڕۆیشتن، لەوێ دەرکەوت کە ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکدا کەوتۆتەوە.
ئەوەش هاتووە، تەرمەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گوازرانەوە بۆ بەشی گشتی بەڵگەی دادوەری بۆ دیاریکردنی ناسنامەی مردووەكان لە ڕێگەی پەنجەمۆری بایۆمەترییەوە.
بەڕێوەبەری بەڵگەی دادوەری لە وەزارەتی ناوخۆ، جەنەڕاڵ( عید ئەلعوەیهان ) ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 43 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە شوێنی ئاگرەکە لە ناوچەی مەنقەف تۆمار كراوە، جگە لە 11 بریندار کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.