نرخى زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك 3 هەزار دۆلار دابەزی
2024-06-13
دوای بڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانی بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی دابەش دوو، زەوییەكانی گەڕەكی 8 ی حەسارۆك لە شاری هەولێر نرخەكەی بەرز بووەوە، بەڵام خاوەنی نوسینگەیەكی عەقارات دەڵێت: ئێستا نرخەكان دابەزیوە چونكە هیچ خزمەتگوزارییەك جێبەجێ نەكراوە.
خەلیل عەزیز، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی محەمەد گەلاڵی بە موڵك نیوزی راگەیاند، دوای بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم، نرخی زەوی لە هەشتی حەسارۆك بەرز بووەوە بەڵام ئێستا دابەزیوە، بە شێوەیەك هەر پارچە زەوییەكی 250 مەتری، لە نێوان 7 بۆ 10 هەزار دۆلار بەرز بووەوە، ئێستا لەبەر ئەوەی كڕیار نیە 3 هەزار دۆلار دابەزیوە، هێشتا زیاتر دادەبەزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، زەوی لە هەشتی حەسارۆك لە مانگی 7 بۆ مانگی 3 دادەبەزێت، چونكە شوێنەكە بێ خزمەتگوزارییەو كڕیاری نیە، ئەوەی زیاتر مامەڵەی پێوە دەكات عەقاراتەكانن.
لەبارەی نرخی زەوی لە 8ی حەسارۆك، خەلیل عەزیز وتی، زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كە رووبەریان 250 مەترە، ئێستا نرخیان لە نێوان 42 بۆ 75 هەزار دۆلار، بە گوێرەی ڕووكن و شەقام و باخچە.
ئەوەشی وت، ئەوەی شارەوانی دەیكات تەنها دیاریكردنی شەقامەكانە، تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەك جێبەجێ نەكراوە، ئەوەی هەیە پێشتر زەوییەكان لەسەر نەخشە مامەڵەی پێوە دەكرا، ئێستا لەسەر زەوییەكە كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.
موڵك نیوز پەیوەندی كرد بە خاوەنی عەقاراتێكی دیكە بەڵام ئەو قسەیەكی جیاواز لەمەی كرد.
ڕزگار سلێمان، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی رزگار رایگەیاند، دوای بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم نرخی زەوی 6 بۆ 10 هەزار دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام ئێستا بازاڕ وەستاوەو جموجوڵ كەمە بەس نرخەكان دانەبەزیوە.
خاوەنی ئەو نوسینگەیەی عەقارات، هۆكاری وەستانی بازاڕی گەڕاندەوە بۆ جێبەجێ نەكردنی هیچ خزمەتگوزارییەك لەسەر زەوییەكانی 8 ی حەسارۆك.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو دەداتە خاوەن زەوییەکان، بەڵام بەو مەرجەی زەوییەکە لە 200 مەتر دوجا کەمتر نەبێت.
رۆژی 2 ی ئەم مانگە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركرد و رایگەیاند، مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو دەداتە خاوەن زەوییەکان، بەڵام بەو مەرجەی زەوییەکە لە 200 مەتر دوجا کەمتر نەبێت.