ئیماڕاتیەکان وەبەرهێنانی خانووبەرەیان لە لەندەن پێ باشە
london

2024-06-13

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی بارات لەندەن، ئیماراتییەکان لەندەنیان وەک باشترین شوێنی خۆیان هه ڵبژاردووە بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لە لیستی 10 پایتەختی جیهانی ، لەکاتێکدا وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بەخێراترین ڕێژە خانووبەرەی بازرگانی دەکڕن  لەماوەی هەشت ساڵدا .

لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە، هۆکاری ڕاکێشانی ئەم بازاڕەی وەبەرهێنەران، بەردەستبوونی داهاتی دارایی و گەڕانەوەی بازاڕی ئۆفیسەکانە لە چاو ناوچەکانی دیکە به خێراتر.

لای خۆیەوە ستيوارت لێسلی، بەڕێوەبەری فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نێودەوڵەتی لە کۆمپانیای بارات لەندەن، وتوویەتی، دوایین ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەریخستووە، کە لەندەن بژاردەیەکی متمانەپێکراو و سەلامەتە بۆ وەبەرهێنەرانی خانووبەرە لە ئیمارات، بەو پێیەی ئاراستەی وەبەرهێنانی قازانجیان بۆ دابین دەکات و دەرفەتێکی نموونەییە بۆ گەشەی سەرمایه.

بەپێی ڕاپۆرتی( بی ئێن بی باريبا)، گرنگیدانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بۆ بەریتانیا زیاد دەکات بەهۆی "بنەماکانی بەکرێدان"ی سەرنجڕاکێش و بەهێزی دۆلار بەرامبەر بە پاوەند.

بازاڕی نیشتەجێبوونی لەندەن خەڵکی ئیماراتی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت:

سەبارەت بە وەبەرهێنەرانی ئیماراتی، ئەوان بازاڕی لەندەنیان پێ باشترە بۆ خانووبەرەی نیشتەجێبوون، پاشان نیویۆرک، دواتر سەنگافورە.

لەنێو بەشداربووانی ڕاپرسییەکەدا، 58% لە دوبەی نیشتەجێن، 28% لە ئەبوزەبی، 6% لە ئەجمان و ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە بە یەکسانی دابەشکراوە بەسەر: شارقة، ڕاس ئەلخەیمە، ئوم ئەلقيوین، فوجەیرە.

ئە نجامەکانی دیکەی ڕاپرسییەکەی ئەم دواییەی بارات لەندەن، بریتین لەوەی کە لەسەدا 84ی ئەوانەی پێشتر خاوەنی موڵکن لە لەندەن، ئەگەری زۆرە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا وەبەرهێنانی زیاتر لە بازاڕی لەندەن بکەن.

پێدەچێت لەسەدا 79ی ئەوانەی لە ئێستادا خاوەنی موڵک و ماڵی لە لەندەن نین تا ساڵی 2026 وەبەرهێنان لە پایتەختی بەریتانیا بکەن.

هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە تێکڕای بەهای ئەو کەسانەی کە ئێستا  موڵکیان هەیە لە لەندەن 2.7 ملیۆن پاوەندی تێپەڕاندووە، کە تێکڕای گەشەکردنیان لە دوای کڕینەوە لەسەدا 16.4 بووە.

لەلایەکی دیکەوە، تێکڕای بەهای موڵک لە دەرەوەی لەندەن بە زیاتر لە 2.3 ملیۆن پاوەند مەزەندە کراوە، بەپێی توێژینەوەکە، گەشەکردن لە دوای کڕینەوە بە ڕێژەی لەسەدا 16.6 بووە.

وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ملیارێك و 900 ملیۆن پاوەند (2.4 ملیار دۆلار)یان بۆ موڵک و ماڵی بازرگانی لە لەندەن خەرجکردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو شەش هێندە زیادیکردووە و زۆرترینە لە ساڵی 2015ەوە.

بەپێی ئاماری (بی ئێن بی باريبا)، وەبەرهێنەرانی ئەمریکی لە سەرانسەری بەریتانیا لە چارەکی یەکەمدا 3.1 ملیار پاوەندیان بۆ خانووبەرە خەرجکردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 دوو لەسەر سێ زیادیکردووە.

پێشبینی دەکرێت بەریتانیا سوودمەند بێت لە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت 13 ملیار دۆلار لەم بازاڕەدا خەرج بکرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا 10 ملیار دۆلار بووە.