دەستەی ئاماری تورکیا دابەزینی فرۆشی خانووبەرەی لە وڵاتەکە ڕاگەیاند
turkia

2024-06-15

دەستەی ئاماری تورکیا دابەزینی فرۆشی خانووبەرەی لە تورکیا لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 2.3% ڕاگەیاند و لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ بەراورد بە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو دابەزینەکە 3.4%ـە. 
مانگی ڕابردوو 110 هەزار و 588 خانوو فرۆشراون، کەمترین خانووبەرە لە دوو پارێزگای باکووری کوردستان فرۆشراون، لە ئەردەخان تەنیا 46 و لە جۆلەمێرگ 60 خانوو و شوقە فرۆشراون.  
زۆرترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئەنتاڵیا فرۆشراون. لە ئیستەنبووڵ 18 هەزار و 814، لە ئەنقەرە نۆ هەزار و 861 و لە ئەنتاڵیا شەش هەزار و 306 خانوو و شوقە فرۆشراون. 
بە هەمان شێوە فرۆشی خانوو بە بیانییەکانیش بە ڕێژەی 34.8% کەمیکردووە، دوو هەزار و 64 خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون. زۆربەی هاووڵاتیانی بیانی لە ئانتاڵیا، ئیستەنبووڵ و مێرسین خانوو و شوقەیان کڕیوە.  
هاووڵاتییانی ڕوسیا بە کڕینی 437 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەمدان، هاووڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کڕینی 207 خانوو و شووقە لە پلەی دووەمدان، هاووڵاتیانی ئۆکرانیا بە کڕینی 171 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدان.