ئەمساڵ بەهای بازاڕی خانووبەرەی ئیمارات دەگاتە 707ملیار دۆلار
imarat

2024-06-18

پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بەهای بازاڕی خانووبەرە لە ئیمارات بگاتە 2.6 تریلیۆن درهەم کە دەکاتە 707.86 ملیار دۆلار.

لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، دوبەی 105 خانووی لوکسی فرۆشتووە، ئەمەش لە ژمارەی پێوانەیی نزیک بووەتەوە کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکرابوو کاتێک 431 موڵک بە بەهای زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. چالاکی و بەدیهێنانی دوبەی لە فرۆشتنی موڵکی لوکس باشترە لە بازاڕە سەرەکییەکانی دیکەی وەک نیویۆرک و لەندەن.

جۆرجینا ئاتکینسن، هاوبەشی بەڕێوەبردن لە ئۆفیسی تایبەتی ئۆریجین جەخت لەسەر گەشەسەندنی بەردەوام لە کەرتی خانووبەرە لە سەرانسەری ئیمارات دەکاتەوە، بە تایبەتی دوبەی که پێشەنگی گەشەسەندنەكەی گرتووە بە قەبارەی فرۆشتنی بەهێز و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، ئەم داواکارییە زۆرە تەنها لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە نییە بەڵکو لەلایەن وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتیشەوەیە، بەتایبەتی لە ئاسیا، بەریتانیاو ئەوروپا. 

هاوکات بازاڕی خانووبەرەی ئەبوزەبی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لە خانووبەرەی نیشتەجێبوون، لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2024. کۆمپانیای ڤالوسترات کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییە، ڕاپۆرتی فراوانبوونی بەردەوامی لە هەردوو شوقە و ڤێلادا کردووە، ئەمەش بەڵگەی لەسەر پێوەرەکانی نرخەکانیان هەیە.

حەیدەر توەیما، بەڕێوەبەر و بەرپرسی توێژینەوەی خانووبەرە لە کۆمپانیای ڤالوسترات، تێڕوانینێکی زیاتری لەبارەی بەرەوپێشچوونی بازاڕی نیشتەجێبوونی ئەبوزەبی پێشکەشکرد، پایتەخت گەشەیەکی بەردەوامی نیشان دا، شوقە و ڤێلا هەردووکیان ڕەوتی ئەرێنییان نیشاندا. 

پێوەرەکانی نرخی ڤالوسترات ساڵانە بە ڕێژەی لەسەدا 4.2 و بەرزبوونەوەی چارەکی بە ڕێژەی لەسەدا 1.2 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، شوقەکان ساڵانە بە ڕێژەی 2.1% بەرزبوونەوەی کەمیان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا ڤێلاکان ساڵانە بە ڕێژەی 6.3% بەرزبوونەوەی بەرچاوتریان بەخۆوە بینیوە، جگە لەوەش نرخی کرێی خانووەکانیش ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووە، ساڵانە بە ڕێژەی 5.7% زیادیکردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەهێزی و خۆڕاگری گشتی بازاڕە.

هەردوو شاری دوبەی و ئەبوزەبی شایەتی گەشەسەندنی بەردەوامن لە کەرتی خانووبەرەیاندا، کە بەهۆی خواستی بەهێزی هەردوو وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەتی لە بەشی لوکسدا، و پشتگیری دەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خانووبەرە و بەهای کرێ.