ڕێكارە داراییەكان، نزیكەی 7 ملیار دۆلار سەررێژیی لە بودجەی توركیا تۆمار كرد
2024-06-23
بە ئامانجی دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان، حکومەتی تورکیا دەستی بە چاکسازی دارایی کردووە بۆ تەواوکردنی سیاسەتە نەختینەییەکان، ئەوەش كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی خانووبەرە دەبێت كە بەهۆی بەرزی ڕێژەی هەڵاوسان و سودی بانكییەوە رووی لە دابەزین كردووە.
وەزارەتی دارایی و گەنجینەی تورکیا بڵاویکردەوە، بودجەی حکومەتی وڵاتەکە لە مانگی ئایاردا 219 ملیار لیرە (6.7 ملیار دۆلار) سەرڕێژیی تۆمارکردووە. ئەمەش زۆرترین سەرڕێژییە تاوەکو ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە تۆمارکرابێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێنج مانگی لەسەریەک بوو بودجەی حکومەتی تورکیا پاشەکشەی تۆماردەکرد.
حکومەتی تورکیا سیاسەتی نەختینەیی تووندکردووە، لە دوو کۆبوونەوەی رابردوویشدا بانکی ناوەندی، رێژەی سوودی 50٪ هێشتووەتەوە.
بەرزی ڕێژەی سودی بانكی بەو شێوەیە كە لە مێژووی توركیادا هاوشێوەی نەبووە، كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی خانووبەرەش دروست كردووە، بەشێوەیەك مامەڵەكانی ئەو كەرتەی تەواو سست كردووە.
هەروەها حکومەتی تورکیا مانگی رابردوو کۆمەڵێک رێوشوێنی راگەیاند کە بریتین لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کۆمەڵێک پلانی نوێی بەرفراوان، وەک سەپاندنی کەمترین باج بەسەر کۆمپانیاکان. ئێستا پێشنیازەکە لە پەرلەمانی تورکیایە، ئامانج لێی ئەوەیە ساڵانە 7 ملیار دۆلاری زیاتر بخاتە سەر گەنجینەی حکومەت.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بودجەی تورکیا 472 ملیار لیرە کورتهێنانی هەبووە کە دەکاتە 14.36 ملیار دۆلار.
حکومەتی تورکیا پێشبینی دەکات ئەم ساڵ کورتهێنانی بودجەکەی بگاتە زیاد لە 82 ملیار دۆلار. ئەم بڕە دەکاتە 6.4٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی تورکیا.