خاوەنی عەقارتێكی هەولێر: بازاڕی خانووبەرە روو لە باشبوونی زیاتر دەكات
hawler

2024-06-23

خاوەنی كۆمپانیایەكی عەقارات ئاماژە بە باشبوونی بازاڕی خانووبەرە لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ دەكات و رایدەگەیەنێت: لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربانەوە جموجوڵێك بە بازاڕەوە دیارەو پەیوەندی دەكرێت.

ئەمڕۆ یەك شەممە 23/6/2024، رابەر تەیب، خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی جامانە بە موڵك نیوزی راگەیاند، بازاڕی عەقارات دوای پشووەكانی رۆژانی جەژنی قوربان لە رۆژی شەممەوە دەستیپێكردۆتەوە، جموجوڵێك بە بازاڕەوە دیارە، هەرچەند تا چەند رۆژێكی دیكە بە تەواوی دیار نیە ئەو جموجوڵە چۆنەو بە چی ئاراستەیەكە، بەڵام لە بەیانی ئەمڕۆوە پەیوەندی دەكرێت و جۆرێك لە جموجۆڵ دروست بووە.

لەبارەی پێشبینییەكان بۆ بازاڕی خانووبەرە لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەكرد، لەبەر ئەوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ پشووەكانی نەورۆز و جەژن و بۆنەكان زۆرە، ئەو پشووانەش كاریگەری خۆی لەسەر دۆخی عەقارات هەیە، دەوامی قوتابخانەو زانكۆكانیش لەو ماوەیەدا هەر كاریگەری هەیە، بەڵام زۆرینەی ساڵەكان بازاڕی عەقارات لە نیوەی دووەمی ساڵ رووی لە باشبوون و جموجوڵی زیاتر كردووە.

رابەر تەیب ئەوەشی وت، هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە دەبێت لە داهاتوودا نەك لە ئێستادا، چونكە گەشتیار تێڕوانینێكی لەسەر خانووبەرە بۆ دروست دەبێت كاتێك دێتە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی پارەدارن.