ئیڤێنتێكی تایبەت بە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی ئیمارات لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
2024-06-23
بە بەشداری 25 كۆمپانیای ئیماڕاتی، لە شاری سلێمانی ئیڤێنتێكی تایبەت بە وەبەرهێنانی خانووبەرە بەڕێوەدەچێت و دەیان پرۆژەی بازرگان، نیشتەجێبوونی ناوخۆیی و دەرەوەی تێدا نمایش دەكرێت.
سەهەند یونس خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی ماڵی دنیا كە رێكخەری ئیڤینتەكەن بە موڵك نیوزی راگەیاند، كۆمپانیاكەمان ئیڤێنتێكی دوو رۆژە لە بواری وەبەرهێنانی خانووبەرە لە شاری سلێمانی ساز دەكات، كە تیایدا 25 كۆمپانیای ئیماراتی بەشدار دەبن، لەگەڵ 5 كۆمپانیای بەناوبانگی شاری سلێمانی، كە بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشداری تێدا دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئیڤێنتەكە رۆژانی 25 و 26 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، هەردوو رۆژەكە فرۆشتن دەكرێت لە كاتژمێر 10 ی بەیانی بۆ 6 ی ئێوارە، ئەو 25 كۆمپانیایە هەریەكەیان 6 بۆ 7 پرۆژەی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون نمایش دەكەن.
لەبارەی ئاستی كڕیاری ناوخۆیی لە پرۆژەكانی دوبەی، خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی ماڵی دنیا وتی، كڕیاری هەرێمی كوردستان بە تایبەت پارێزگای سلێمانی لە دوبەی زۆر بەهێزە، چونكە وەبەرهێنانێكی بەهێز لەو وڵاتە هەیە، بۆ نمونە لە مانگی رەمەزان موڵكمان بۆ خەڵك كڕیوە ئێستا 35 بۆ 40 هەزار دۆلار قازانج دەكات.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان موڵك لە دوبەی دەكڕن بۆ قازانجە، هەندێكی دیكەی دەیداتەوە بە كرێ چونكە كرێیەكی باش دەكات.