پارێزەرێك بە بەهای 1.5 ملیار دینار هەوڵی داگیر كردنی خانووی هاوڵاتیەك دەدات
2024-06-24
پۆلیسی بەغدا دەستگیر كردنی پارێزەرێكی راگەیاند، كە هەوڵی دابوو لە ڕێگەی ساختە كردنی پسولەوە بە بەهای ملیارێك و 500 ملیۆن دینار خانووی هاوڵاتیەك داگیر بكات.
لە راگەیەنراوی پۆلیسی بەغدا هاتووە، پارێزەرەکە لە ڕێی بەکارهێنانی پەنجەمۆری خاوەن ماڵەکەوە، کۆمەڵێک پسوڵەی تایبەت بە کرێی خانووەکەی ساختەکردووە و پاشان بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری بۆ پسوڵەکە زیادکردووە، دواتر پارێزەرەکە سکاڵایەکی لەسەر خاوەن ماڵەکە تۆمارکردووە، ئەو پسوڵانەی وەک بەڵگە بەکارهێناوە کە گوایە پارەی خانووەکەی داوە.
پۆلیسی بەغدا ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی خاوەن ماڵەکە سکاڵای لەسەر پارێزەرەکە تۆمارکردوە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووەو بە ڕەزامەنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پارێزەرەکە بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەکان دەستگیرکراوە.