لە 5ی حەسارۆك بازاڕ خراپە، خەڵكێكی زۆر موڵكیان داناوە بۆ فرۆشتن و ناشفرۆشرێت
2024-06-25
خاوەنی نوسینگەیەكی عەقارات لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆكی هەولێر ئاماژە بە خراپی دۆخی بازاڕ دەكات و رایدەگەیەنێت: خەڵكێكی زۆر موڵكیان داناوە بۆ فرۆشتن و ناشفرۆشرێت، وردەكاری نرخی خانوو و زەویش لە گەڕەكەكە بۆ موڵك نیوز دەخاتەڕوو.
رزگار سلێمان، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی رزگار كە مامەڵەی خانووبەرە لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك دەكات لە شاری هەولێر، بە موڵك نیوزی راگەیاند، گەڕەكی پێنجی حەسارۆك 6 بۆ 7 هەزار خانووی تێدایە، رووبەری خانوو و زەوییەكان 250 مەتر و 125 مەترە، بەشێكی كەمیشی 150 مەتری هەیە.
لەبارەی نرخی خانوو لە گەڕەكەكە رزگار سلێمان وتی، خانووی 125 مەتری دوو نهۆم نرخیان لە 60 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات بۆ 90 هەزار دۆلار.
لەبارەی دۆخی جموجوڵی كڕین و فرۆشتن، رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی پار بازاڕ زۆر خراپە، فرۆشتن زیاترەو خەڵكێكی زۆر موڵكیان داناوە بۆ فرۆشتن بەڵام ناشفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، كرێی خانوو لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار دیناری عێراقیە، خانووی كرێ زۆر كەمە، لەبەر ئەوەی عەرەب زۆر خانوو بە كرێ دەگرن، هەرچەند خۆم ئیشی كرێ ناكەم.
خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی رزگار ئەوەشی وت، لەسەدا 10 ی گەڕەكی پێنجی حەسارۆك زەوییەو نەكراوەتە خانوو، نرخی زەوییەكان گرانەو باشترە لە خانوو، نرخی زەوی 250 مەتری سەرووی 100 هەزار دۆلارە، 125 مەتری سەرووی 50 هەزار دۆلارە.