خاوەنی عەقاراتێك: هەڵبژاردن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕی خانووبەرە نیە
2024-06-26
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریكرد، خاوەنی كۆمپانیایەكی عەقارات لە هەولێر دەڵێت: ئەنجامدانی هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر بازاڕی عەقارات نابێت و ئەوەی دەڵێت بابەتی سیاسی كاریگەری هەیە قسەیەكی بێ مانای كردووە.
میران سەفینی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای عەقاراتی میران بە موڵك نیوزی راگەیاند، هەڵبژاردن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕی خانووبەرە نابێت و پەیوەندی پێوە نییە، بە هیچ ئاراستەیەك نە بەرزبوونەوەو نە نزمبوونەوە، دابەزین و بەرزبوونەوەی بازاڕ تەنها پەیوەندی بە متمانەی نێوان وەبەرهێنەر و كڕیارەوە هەیە، ئێستا پرۆژەیەكی زۆر تاخیر بووە یان راوەستاوە ئەوە كاریگەری هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، مێژووی عێراق هیچ ساڵێك بارودۆخی ئەمنی دوو ساڵ لەسەریەك لەبار نەبووە، لە هەرێمی كوردستانیش لە دوای ساڵی 2012ەوە شەش مانگ بارودۆخ باش نەبووە، بۆیە بابەتی كڕین و فرۆشتنی موڵك پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نیە، ئەوەی دەڵێت بابەتی سیاسی كاریگەری هەیە قسەیەكی بێ مانای كردووە.
ئەو خاوەنی عەقاراتە نموونەی هەرێمی كوردستانی بە شەڕی داعش هێنایەوەو ڕایگەیاند، لە كاتی شەڕی داعش بازاڕ راستە دابەزی بەڵام ڕانەوەستا هەر هەبووە، بەینی یەكێتی و پارتیش هەر خراپ بووە، بابەتەكە هەبوونی پارەو متمانەیە، هەروەها پرۆژەی باش، خەڵك قازانج بكات بازاڕ دەكرێتەوە.
لەبارەی دۆخی ئێستای بازاڕ خانووبەرە، وتی، ئێستا بازاڕی عەقارات و خانووبەرە بۆ ئەو كەسانە هەیە كە خاوەنی سومعەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بازاڕ خراپەو دابەزیوە.