خاوەنی عەقاراتێك: هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر بازاڕی عەقارات دەبێت و دەیوەستێنێت
hawler

2024-06-27

خاوەنی كۆمپانیایەكی عەقارات ئاماژە بە كاریگەری هەڵبژاردن لەسەر بازاڕی عەقارات دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كاریگەری هەڵبژاردن لەسەر بازاڕی خانووبەرە بە ئاراستەی وەستانە.

سەید خۆشەوی جەبار، خاوەنی عەقاراتی باب الجنە، بە موڵك نیوزی ڕاگەیاند، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر كەرتی خانووبەرە دروست دەكات، هەر گۆڕانكارییەك لە دۆخی سیاسی و سێكتەری ئابوری كاریگەری لەسەر بازاڕی عەقارات دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری هەڵبژاردن لەسەر بازاڕی خانووبەرە بە ئاراستەی وەستانە، بەرزبوونەوەو دابەزین ڕوونادات، جوڵەی بازاڕ سست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن كەسانی باڵای حكومەتەوە هەڕەشەو قسەی توند بكرێت كاریگەرییەكەی زیاتر دەبێت، بەڵام بە گشتی كەرتی عەقاری دەوەستێت.

رۆژی چوارشەممە، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دەقی فەرمانێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە، کە فەرمانی هەرێمی بوو بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری 20-10-2024.