بە تێچووی پاره‌ی كوپێك قاوه‌، دەیان پارچە زەوی لە سوید دەفرۆشرێت 
yusna

2024-06-30

لە شارێكی سوید چەندین پارچه‌ زه‌وی بۆ فرۆشتن ده‌خرێتەڕوو كه‌ نرخی هه‌ر مه‌ترێكی  له‌ چه‌ند سه‌نتێكی ئه‌مه‌ریكی تێپه‌ڕ ناكات، تێچووی پاره‌ی كوپێك قاوه‌یه‌.

ماڵپەڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، شاره‌وانی شاری ئوتنا کە 200 میل لە باشووری ڕۆژئاوای ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویده‌وه‌ دووره‌، بڕیاری داوە 29 پارچە زەوی بفرۆشێت كه‌ نرخه‌كه‌یان پاره‌ی كوپێك قاوه‌یه‌ و لە یەک کرۆنی سویدی واته‌ 9 سەنتی ئەمه‌ریکی بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک دەستپێدەکات.

كڕیاران ده‌توانن خانوو له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییانه‌ دروست بكه‌ن و تێیدا بمێننه‌وه‌، كه‌ مه‌رج نییه‌ دانیشتووی ڕه‌سه‌نی سوید بن یان پەنابەر بن لەو وڵاته‌.

ئوتنا ناوچەیەکی گوندنشینەو نزیکەی 5 هەزار کەس لە شارۆچکەكەو 13 هەزار کەسیش لە ناوه‌ندی شارەکەدا نیشته‌جێن، دەکەوێتە کەناری دەریاچەی ڤانێرن کە گەورەترین دەریاچەی وڵاتانی ئه‌سکاندیناڤیایە.

سەرۆکی شارەوانی ئوتنا، یۆهان مانسۆن رایگەیاندووە، بازاڕی خانووبەرە لە سوید زۆر سست بووە، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوود و کەمێک پاشەکشە، بۆیە مه‌به‌ستیانه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ ببوژێننه‌وه‌.