حكومەتی عێراق 150 هه‌زار دینار بۆ موچەی كرێكارانی خانەنشین زیاد دەكات
mucha

2024-07-01

وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایگه‌یاند، موچه‌ی كرێكارانی خانه‌نشین زیاد ده‌كرێت و 150 هه‌زار دینار ده‌چێته‌ سه‌ر موچه‌كه‌یان.

رۆژنامه‌ی سه‌باح، لە زاری نه‌جم عیقابی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایگەیاند، زیادكردنی موچه‌ی خانه‌نشینان له‌مانگی ته‌مموزى ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێت و موچه‌ی هه‌ر خانه‌نشینێكیش 150 هه‌زار دینار زیاد ده‌كات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، به‌رزترین موچه‌ی خانه‌نشینی كرێكاری ده‌بێته‌ 700 هه‌زار دینار، واته‌ كه‌مترین موچه‌ش له‌ 350 هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ 500 هه‌زار دینار به‌رزده‌كرێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش موچه‌كه‌ی 700 هه‌زار دینار بێت، زیادكردنی موچه‌ نایگرێته‌وه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئەوەشی وتووە، هه‌مو كرێكارانی خانه‌نشین زیادكردنی موچه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌شی خانه‌نشین بێت، تا ئێستا هیچ نیازێك نییه‌ بۆ زیادكردنی موچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌بودجه‌ى گشتیش ئاماژه‌ به‌زیادكردنی سودمه‌ندانی ئه‌و موچه‌یه‌ نه‌كراوه‌.