شارەوانی كفری 14 پارچە زەوی نایاب لە زیاد كردنی ئاشكرادا دەفرۆشێت
kfri

2024-07-02

سەرۆكایەتی شارەوانی كفری 14 پارچە زەوی نایاب لە زیاد كردنی ئاشكرادا دەفرۆشێت و بۆ خزمەتگوزاری گشتی بەكاریدەهێنێت، موڵك نیوز بەهای گشتی زەوییەكان ئاشكرا دەكات.

عەلی خورشید سەرۆكی شارەوانی كفری بە موڵك نیوزی راگەیاند، لەسەر بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە فرۆشتنی زەوی نایابی شارەكان بە مەبەستی بەكارهێنانەوەی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، 14 زەوی نایاب لە سنوری شارەوانی كفری لە زیاد كردنی ئاشكرا دەفرۆشرێت، زەوییەكان دەكەونە چەند شوێنێكی قەزاكە، نرخەكانیان جیاوازە لە 25 ملیۆنەوە دەستپێدەكات، 4 لەو زەوییانە فرۆشراوە، ئەوانی دیكەش فرۆشراوە بەڵام چاوەڕێین داواكاری گشتی پەسەندی بكات. 

لەبارەی نرخی گشتی زەوییەكان سەرۆكی شارەوانی كفری وتی، نرخی هەموو زەوییەكان بەڕێژەیی 290 ملیۆن دینارە، هەرچەند جارێ بە تەواوی دیار نییە، چونكە زەوی هەیە لەوانەیە رەفز بكرێتەوە.

لەبارەی ژمارەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە قەزای كفری، سەرۆكی شارەوانی ئاماژەی بەوەكرد، لە قەزای كفری تەنها یەك پرۆژەی نیشتەجێبوون لە بواری جێبەجێكردندایە بەناوی " دەروازی كفری "، ئەویش كارەكانی ڕاگیراوە، بە قسەی وەبەرهێنەرەكەی هۆكاری راگرتنی نەبوونی كڕیارە، ژمارەی یەكەكانی پرۆژەكە 1000 یەكەیە.

كفری شارێكی دێرینی هەرێمی كوردستانەو  لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.