لەسەدا 80%ی هەناردەی كاشی ئێران بۆ عێراقە
2024-07-02
عێراق گەورەترین هاوردەكاری کاشی و سیرامیکی ئێرانییە، بەشێوەیەك رێژەی نزیکەی 80%ی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراقە، بەڵام كاشی ئێرانی نرخەكەی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرز بۆتەوە.
د.مستەفا گودەرزی، كە ئەندامی ستافی ئەکادیمی زانکۆی تاران و شارەزای هونەری دەستکردە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئابووری ئیرنای ئێرانی، سەبارەت بە دۆخی بەرهەمهێنانی سیرامیک و کاشی، رایگەیاندووە، بەرهەمی ساڵانەی کاشی سیرامیک لە وڵاتدا زیاتر لە 400 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە، بێگومان ئەم ڕێژەیە بۆ ساڵی 2020 ەو لە ساڵانی دواتردا زیادیکردووە.
ئاماژە بەوەشكردووە، زیاتر لە 35-40%ی بەرهەمە بەرهەم هێنراوەکانی ئێران لە بواری کاشی و سیرامیک هەناردە دەکرێن، عێراقیش گەورەترین ئامانجی هەناردەکردنمانە بۆ کاشی و سیرامیک، دەکرێت بڵێین نزیکەی 80%ی هەناردەکردنمان بۆ عێراق دەچێت.
لەبارەی نرخی كاشی باوەڕ حسن، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە كۆمپانیای ئیناس، كە فرۆشیاری كاشی ئێرانیە بە موڵك نیوزی راگەیاند، كاشی ئێرانی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرز بۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرز كردنەوەی نرخی كاشی لە كارگەكانی ئێران، لەبەر گرانبوونی نرخی غاز و پێداویستییەكانی دیكە لەو وڵاتە.
سەرۆکی یەکیەتی کاشی ساز و کاشی فرۆشانی ئێران بە ئاماژەدان بە نرخی ئەم بەرهەمە ڕایگەیاند: بەشێک لە تێچووی بەرهەمهێنان پەیوەندی بە هەڵاوسانی دراوەوە هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکە، کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنان بە هۆی بەرز بوونەوەی دۆلار لە ناو ئێران گرانتر دەبێت، لە ئەنجامدا ئەمە کاریگەری لەسەر نرخی کۆتایی بەرهەمەکە دەبێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، بێگومان دەتوانرێت بگوترێ ئەگەر خواست لەسەر عێراق کەمببێتەوە، ئەوا کاریگەری لەسەر بازاڕی ناوخۆمان دەبێت. کەمبوونەوەی خواست لە عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی کە دابینکردن لە خواستی بازاڕی ناوخۆ زیاتر بێت.
پێشتر سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق رایگەیاند، قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، 10 ملیار دۆلارە کە ئەمەش بەلای ئێمەوە کەمە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ( 2024 ) پێشبینی دەکەین ئەو ئاستە بگاتە 12 ملیار دۆلار و پلانمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرزتری بکەینەوە.
هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، لە ساڵی 2021 ئێران توانیویەتی هەموو جۆرە کاشی ئەرزی و سیرامیک بە بەهای زیاتر لە 500 هەزار دۆلار هەناردەی عێراق بکات.