چالاكوانانی كفری بۆ پاراستنی خانووە مێژووییەكان كەمپینێكیان ڕاگەیاند
2024-07-03
بۆ پاراستنی خانووە مێژووییەكانی قەزای كفری، ڕێكخراو و چالاكوانان هەڵمەتێكی یەك هەفتەیی ڕادەگەیەنن، بۆ ئەو مەبەستە داواكاری ئاراستەی بەرپرسان و سەرمایەداران دەكەن.
قەزای کفری قەزایەکی کۆنە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا یەکێک بووە لە قەزا سەرەکییەکانی كەركووك، ئەم شارە ئێستا بەشێكی لە هەرێمی كوردستان و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.
عوسمان قەتارچی سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، بەشێكی خانووەکانی قەزای کفری مێژوویی و کولتوورین، تەمەنیان لە 150 ساڵ زیاترە و بڕیار درابوو کە بیروخێنن، بۆیە ئێمەش چالاکوانان و رێکخراوەکان هەڵمەتێكمان ڕاگەیاند، بە ئامانجی ئاگادار کردنەوەو پێناسە کردنی کولتووری خاک و نیشتمانمان، بۆ خەڵک و حکومەت و ئەوانەی هەستی بەرپرسیارێتیان هەیە سەبارەت بە ڕزگار کردنی ئەو خانووانە لە ڕووخان و لەناوچوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خانووانە موڵکدارییەکەی بە ناو خەڵکی خۆیەتی و تاپۆیە، لەبەر ئەوەش پێشنیارمان بە حکومەت داوە کە ئەو خانووانە لە خەڵک وەربگرێ و لە بری ئەوە زەوییان لە شوێنی دیكە پێ بدات، لەبەر ئەوەی ببێتە موڵکی حکومەت و خەڵک نەتوانن بە کەیفی خۆی بیڕوخێنن و دەستکاری بکەن.
سەرۆکی رێخراوی پاڵپشتی کفری ئەوەشی وت، كەمپینەكە بۆ ماوەی 7 رۆژ بەردەوامە دەبێت، لە رۆژانی داهاتوودا چالاکی جۆراوجۆری دەبێت.
یەكێك لە داواكارییەكانی كەمپینی چالاكوانانی كفری بۆ سەرمایەدارەكانە، لەو بارەیەوە قەتارچی وتی، ئەو دەوڵەمەند و سەرمایەدارانەی کە بەرپرسیارێتیان هەیە، لە دەزگاو پۆستە باڵاكانی حكومەتن، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان وەکو هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، کەلار داوا کراوە کە بێنە سەرخەت و دڵسۆز بن بۆ خاک و ئاوەدانی نیشتمان.