دوو نوسینگەی عەقارات: بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە بنەسڵاوە زۆر خراپە
hawler - bnaslawa

2024-07-03

خاوەنی دوو نوسینگەی عەقارات لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئاماژە بە سستی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەكەن، بەشێوەیەك یەكێك لەوانە دەڵێت: لە مانگێكدا تەنها دوو گرێبەست دەكەن، نرخەكانیش لە 28 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات.

هاوکار عومەر، خاوەنی عەقاراتی دیار گەڵاڵی بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، چوار بۆ پێنج مانگە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە بنەسڵاوە کەمبۆتەوە، بەشێوەیەك كڕین و فرۆشتن دانە دانە هەیە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا 50 كەمیكردووە، بەڵام دابەزینێكی ئەوتۆ لە نرخەكان رووینەداوە.

سەبارەت بە گرانترین و هەرزانترین نرخی موڵك بە پێی گەڕەكانی بنەسڵاوە، هاوكار وتی، گرانترین نرخی خانوو و زەوی لە چوار هەزارییە كە دەكەوێتە ناو بازاڕەوە،  ڕووبەری 250 مەتری،  لە 60 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات.

وتیشی، گەڕەکی گوڵان هەرزانترین گەڕەکی بنەسڵاوەیە، کە نرخی خانوویەکی 125 مەتری 30 هەزار دۆلار و کەمتریش لەبەردەستە، نرخی زەویش لە 20 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات، زەویەکان مۆڵەتی هەیە کە خانووی لەسەر دروست بکرێت.

موڵك نیوز پەیوەندیكرد بە خاوەنی یەكێكی دیكە لە نوسینگەكانی عەقارات لە قەزای بنەسڵاوە، ئەویش جەختی لە خراپی بازاڕیان كردووە بەڵام داتای جیاوازتری خستەڕوو

ئەحمەد عەبدوڵا، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی ئەحمەد بە موڵك نیوزی راگەیاند، موڵكەكانی قەزای بنەسڵاوە تاپۆ و كارتن، كڕین و فرۆشتنی ئێستا زیاتر لە خانوویەكە نرخی لە نێوان 30 بۆ 40 هەزار دۆلار بێت، خانووی گران بە ئاسانی نافرۆشرێت بازاڕی قورسە، نرخەكانیش لە 28 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 100 هەزار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ بازاڕ زۆر خراپ بوو، ساڵی پار و پێرار باشتر بوو، لەسەدا 30 بۆ 40 كڕین و فرۆشتن كەمیكردووە، نەك رۆژانە جاری وا هەیە بە دوو مانگ جارێكیش گرێبەستێك ناكەین.