زۆربوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، نرخی خانووبەرەی لە سەنتەری شاری كەلار دابەزاندووە
kalar

2024-07-07

خاوەنی نوسینگەیەكی عەقارات لە كەلار رایدەگەیەنێت: بازاڕی خانووبەر لە شاری كەلار خاو بووەتەوە بەڵام نەوەستاوە، دەشڵێت: زۆربوونی ژمارەی پرۆژەكان، نرخی خانووبەرەی لە سەنتەری شارەكە بەڕێژەی لەسەدا 10 دابەزاندووە.

سەباح رەنجبەر، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی سەباح لە كەلار، بە موڵك نیوزی راگەیاند، من ئیش لەسەر ناو شار و پرۆژەكانیش دەكەم، خواست زیاتر لەسەر پرۆژەكانە بۆ كڕین و فرۆشتن، هەندێك لە عەقاراتەكان پێیان وایە خواست لەسەری كەمبۆتەوە، بەڵام بەرای من وا نیە، بەڵكو بەهۆی زۆربوونی ژمارەی پرۆژەكان كڕیارەكان دابەشبوون بەسەر پرۆژە جیاوازەكاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆربوونی ژمارەی پرۆژەكان، نرخی خانووبەرەی لە سەنتەری شاری كەلار بەڕێژەی لەسەدا 10 دابەزاندووە، بۆ نمونە موڵكێك ئەگەر پێشتر نرخەكەی 120 هەزار دۆلار بووبێت، ئێستا بۆ خوار 110 هەزار دابەزیوە.

لەبارەی بەرزترین نرخی خانوو لە گەڕەكەكانی شاری كەلار، سەباح رەنجبەر وتی، بەرزترین نرخی موڵك لە گەڕەكانی شەهیدان و ئەندازیارانە، لە ئەندازیاران نرخی خانوویەكی 200 مەتری تاوەكو 140 هەزار دۆلار دەكات، لە شەهیدان شوێنە بازرگانیەكان كە لەسەر شەقامن نرخی تاوەكو 350 هەزار دۆلار دەڕوات.

خەڵكی كەلار حەزیان بە شوقە نیە، بۆیە هیچ خواستێكی لەسەر نیە، ئەوەش بەهۆی گەرمی ناوچەكەو لایەنی كۆمەڵایەتی خەڵكەكەی، زیاتر ئەوەی كڕیاری شوقەیە عەرەبە، بۆ كڕین و كرێش، تەنها دوو پرۆژەی شوقە لە شارەكە هەیە. سەباح رەنجبەر، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی سەباح وای وت.