نرخی خانووبەرە لە 56 وڵاتی جیهان گەشەی كردووەو 11 وڵات دابەزیوە
2024-07-08
بەپێ دوایین راپۆرت سەبارەت بە گەشەكردن و پاشەكشەی نرخی خانووبەرەی وڵاتان جیهان، 56 وڵات گەشەكردنیان بە خۆیانەوە بینیوەو 11 وڵاتیش رووبەرووی دابەزینی نرخ بوونەتەوە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی پێوەرەکانی نرخی خانووبەرەی جیهانی کە لەلایەن کۆمپانیای ڕاوێژکاری خانووبەرە "نایت فرانک" بڵاوکراوەتەوە، بازاڕەکانی خانووبەرە لە سەرانسەری جیهان لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا بەردەوام لە گەشەکردندا بووە، بەجۆرێک نرخی خانووبەرە لە 56 بازاڕی وڵاتاندا گەشەی 3.6%ی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ گەشەی 2.2% لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، خێرابوونی گەشەی نرخی خانووبەرە لە جیهاندا نیشان دەدات.
ڕاپرسییەکان دەریدەخەن لە نێوان بازاڕی ئەو 56 وڵاتە، کە ئەم پێوەرە چاودێری دەکات، 82% گەشەی ساڵانەی نرخی خانووبەرەیان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەخۆیەوە بینیوە.
بەڵام گەشەی ڕاستەقینەی نرخی خانووبەرە هێشتا نێگەتیڤە بەهۆی بەردەوامی ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان لە زۆرێک لە بازاڕە جیهانییەکان، تورکیا جارێکی دیکە لە پلەی یەکەمی پێوەرەکانی نایت فرانکدا بوو، هاوکات بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ناوخۆیی سێبەری بەسەر بازاڕی خانووبەرەی وڵاتەکەدا هێنا، ڕێژەی هەڵاوسانی بەکاربەران لە وڵاتەکەدا کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاست دابەزی کە 38% بوو، جارێکی دیکە بەرزبووەوە بۆ 75%.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی زیاتر لە 50% لە ئاستی گشتیی نرخەکان لە تورکیا لەم ماوەیەی کە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام بەهای ڕاستەقینەی خانووەکان لەم وڵاتەدا بە ڕێژەی 9.9% لەم ماوەیەدا دابەزیوە. جگە لەوەش، بولگاریا (16%)، پۆڵەندا (13%)، کۆڵۆمبیا (12%)، تایوان (10.5%) و یۆنان (10.4%) بازاڕەکانی دیکەن کە دوو ژمارەیی گەشەی نرخی خانووبەرەیان بەخۆوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی نایت فرانک، بازاڕی خانووبەرەی ئوسترالیا گۆڕانکارییەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 7.5% لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا گەشەی کردووە. بازاڕی خانووبەرە لە ئەمریکا گەشەیەکی سەرسوڕهێنەری بە ڕێژەی 6.5% بەخۆیەوە بینیوە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا نرخەکان بە ڕێژەی 1.9% بەرزبوونەتەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، ڕەنگە ئەم گەشەکردنە بەهۆی کەمی دابینکردنی خانووبەرە لە بازاڕدا بووبێت، گەشەی بازاڕی خانووبەرەی بەریتانیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە 1.6%.
لە نێو ئەو 11 بازاڕەی کە ڕووبەڕووی دابەزینی نرخی خانووبەرە بوونەتەوە، هەشت بازاڕیان سەر بە وڵاتانی ئەوروپین، فەڕەنسا بە دابەزینی 5.2% و ئەڵمانیا بە 3.9% ، بازاڕی خانووبەرە لە هۆنگ کۆنگ لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 11.6% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بە وتەی لیام بەیلی، بەرپرسی توێژینەوەی جیهانی لە کۆمپانیای نایت فرانک، نرخی خانووبەرە لە زۆربەی بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، نەبوونی موڵکی فرۆشراو، لەگەڵ بیناسازی نوێ، بووەتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی خواست و لە ئەنجامدا نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێ وێنە لەم بازاڕانەدا.