پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت
2024-07-09
بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرەو وەبەرهێنان لە هەولێر دەڵێت، ئەمساڵ پێشانگاكە بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر و کاریگەرتر بەڕێوەدەچێت و پێشانگاکەمان شوێنێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی وەبەرهێنان و دروستکردنی پەیوەندی سەرکەوتوو.
دیلۆن گۆرگیس یەعقوب، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرەو وەبەرهێنان لە هەولێر، بە موڵك نیوزی راگەیاند، پێشانگاكە نێودەوڵەتیەو تایبەتە بە وەبەرهێنانی خانووبەرە، پسپۆڕانی ئەم بوارانە لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە یەک شوێن کۆدەکاتەوەو چەندین هەلی بازرگانی و وەبەرهێنان لە کەرتە جۆربەجۆرەکان دەڕەخسێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە شانازی بە سەرکەوتنەکانی پێشانگاکانمان دەکەین و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەردەوامبوونی زنجیرە پێشانگاکانمان دەکەین لە داهاتوودا، پێشانگاکەمان شوێنێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی وەبەرهێنان و دروستکردنی پەیوەندی سەرکەوتوو.
بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرەو وەبەرهێنان ئەوەشی وت، ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بینینی سەرکەوتنی نوێ و کۆبوونەوەی بەرهەمدار دەکەین لە پێشانگاکانی داهاتوودا، دوابەدوای سەرکەوتنی پێشانگاکانمان لە ساڵانی ڕابردوودا کە زیاتر لە 80٪ ی بەشداربووان ئامانجی فرۆشتنی بەرهەم و یەکە نیشتەجێبوونەکانیان بەدەستهێنا.
لەبارەی كاتی بەڕێوەچوونی پێشانگاكە لەمساڵدا، ئاماژەی بەوەكرد، بۆ ساڵی 2024 پێشانگاکە بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر و کاریگەرتر لە 29/10 تاوەکو 1/11 بەڕێوەدەچێت لە هەولێری پایتەخت لە هۆڵی پێشانگاکان لە پارکی سامی عبدالرحمن.
بەپێی ئاماری ساڵی رابردووی پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرەو وەبەرهێنان لە هەولێر، بە بەشداری 250 كۆمپانیا، 32 هەزار كەس و هەزار بازرگان سەردانی پێشانگاكەیان كردووە، كە تیایدا 680 ڤێلا و شوقە لە 15 وڵاتی جیاواز فرۆشرا.