دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە
دۆلار

2024-07-09

بەهای دیناری عێراقی بەخێرایی رووی لە دابەزین كردووە، پسپۆرێكی ئابوریش دەڵێت: ئەگەر دابەزینەكە بەردەوام بێت كاریگەری لەسەر بازاڕ و لە نێویاندا بازاڕی خانووبەرە دەبێت، وتەبێری بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیش پێی وایە دۆلار بەرزبوونەوەی دیكە تۆمار دەكات و دواتر دادەبەزێتەوە.

د.كامەران یەعقوب، پسپۆڕی ئابوری بە موڵك نیوزی راگەیاند، بانكی ناوەندی پارەیەكی زۆری دیناری خستۆتە ناو بازاڕەوە، بەشێكی ئەو پارەیە هی ئەو قەرزانەیە كە پێشتر حكومەتی عێراق كردوویەتی، كە دینار زۆر بوو خواست لەسەری كەم دەبێتەوە، لە بەرامبەردا فرۆشتنی دۆلاری كەمكردۆتەوە چونكە بانكی ناوەندی ناتوانێت وەكو رابردوو دەستی بە دۆلارەكانی ئەمریكا بگات، ئەمە هۆكاری سەرەكی دابەزینی بەهای دینارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئەمریكا قبوڵی ناكات بانكی ناوەندی چۆنی بوێت دۆلاری كاش بخاتە بازاڕەوە چونكە ڕێكاری بۆ داناوە، دەنا عێراق كێشەی دۆلاری نیە، وەكو چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی، كاتێكدا قەیرانێكی لەم شێوەیە دروست دەبێت و بەهای دینار دادەبەزێت دیسان ئەمریكا سزا دەخاتە  سەر هەندێك لە بانكەكان.

لەبارەی ڕێگاكانی چارەسەر و بەرزكردنەوەی بەهای دینار، د.كامەران یەعقوب، رایگەیاند، هەركاتێك بانكی ناوەندی عێراق دەستكراوە بێت لە فرۆشتن و خستنەبازاڕی دۆلار كێشەكە چارەسەر دەبێت، ئەگەر نا ئەم ناسەقامگیرییەی بەهای دینار هەر بەردەوام دەبێت.

پەیوەست بە دابەزینی بەهای دینار و كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە، ناوبراو وتی، ئەگەر بەهای دینار بەردەوام بێت لە دابەزین، كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە دەبێت، چونكە مامەڵەی خانووبەرە زۆربەی بە دۆلارە.

لە لایەكی دیكەوە، جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە موڵك نیوزی راگەیاند، بەرای من هیچ هۆكارێكی دەرەكی نیە بۆ دابەزینی بەهای دینار، ئەوەی هەیە لە ناوخۆی عێراقە، پێویستەی بانكی ناوەندی بێتە سەرخەت و رووبەرووی ئەم ناسەقامگیرییە ببێتەوە، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكەین دۆلار زیاتر بەرز بێتەوە، چونكە كاتێك نادڵنیایی لای خەڵك دروست بێت راستەوخۆ خواست لەسەر دۆلار زیاد دەبێت.

ئەوەشی وت، لەبەر ئەوەی بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی خێرای تۆمار كرد رەنگە زیاتر بەرز بێتەوە، بەڵام چونكە پرۆسەكە خێرایە ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا روو لە دابەزین بكاتەوە.

بۆ یەکەمجار لە دوای ناوەڕاستی ئاداری ئەمساڵەوە، بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە سەرووی 150 هەزار دینار. رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەغە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.