پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون، ناڕەزایی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی لێدەكەوێتەوە
azhalan

2024-07-10

بۆ پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون داوای چۆڵكردنی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی دەكرێت، ئەوەش ناكۆكی خستۆتە نێوان ئاژەڵفرۆشان و كۆمپانیای جێبەجێكار و شارەوانی.

چالاك عەبدوڵا، ئاژەڵفرۆش، لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بە موڵك نیوزی راگەیاند، بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون، ئاگاداریان كردووینەتەوە كە شوێنەكە چۆڵ بكەین بەبێ ئەوەی قەرەبوومان بكەنەوە، ئێمە بەس زەوییەكەمان دەوێت نەك پێمان بفرۆشنەوە، تاوەكو قەرەبوو نەكرێینەوە ئامادە نین ئێرە چۆڵ بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر دیوای مەیدانی ئاژەڵفرۆشانیان نوسیوە كە دەبێت لە ماوەی حەوت ڕۆژدا شوێنەكە چۆڵ بكەن، دوو گەنج بوون ئەو نوسینەكەیان كرد نازانین سەر بە كێن، شارەوانی وتوویەتی ئێمە ئاگادار نین.

بۆ وەرگرتنی سەرنج و قسەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، موڵك نیوز پەیوەندی كرد بە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی، بەڵام رایگەیاند، كە هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو بابەتە نیە بۆ قسەی لەسەر ناكەم.

مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی نزیكەی 25 ساڵە كاری فرۆشتنی ئاژەڵی تێدا دەكرێت، زیاتر لە 3 هەزار كەس كار و كاسبیان لەم شوێنەیە، ئاژەڵفرۆشان دەڵێن كۆمپانیایەك دەیەوێت لە شوێنە تازەكە زەوییان پێ بفرۆشێتەوە ئێمەش بەوە رازی نابین.