خاوەنی عەقاراتێك: پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە كەلار لە خواستی خەڵكی زیاترە
2024-07-10
خاوەنی عەقاراتێك لە کەلار، رایدەگەیەنێت، زۆری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە شارەكە لە خواستی خەڵكی زیاترە، ئەمەش وایكردووە نرخەكان بەشیوەیەكی بەرچاو دابەزێت.
ئاودێر شوان، خاوەنی نوسیگەی عەقاراتی ئاودێر، لە شاری کەلار بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، زۆری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، کاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی نرخی موڵک لە کەلار هەبووە، بەشێوەیەك ئەگەر ساڵی رابردوو قازانجی یەكەیەكی نیشتەجێبوون 30 هەزار دۆلار بێت، ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 15 هەزار دۆلار، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە نرخی فرۆشتنی كۆمپانیا.
لەبارەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە كەلار و كاریگەری لەسەر نرخەكان لە سەنتەری شارەكە، وتی، زۆربەی گەڕەکەکانی ناو شاری کەلار، زیاتر لە 10 هەزار دۆلار لە ماوەی ئەمساڵدا دابەزیوە، بۆ نموونە گەڕەکەکانی شەهیدان و فەرمانبەران و بنگرد بە هۆی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، نرخیان هەمووی دابەزیوە.
ئاودێر شوان، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێك لە کێشەکان ئەوەیە، لە کەلار پرۆژەی گەشتیاری نیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی عەرەب روو لە شارەكە نەكەن بۆ نیشتەجێبوون و كڕینی موڵك، ئەمەش وا ئەکات موڵکی کەلار تەنها خەڵکەکەی خۆی بیکڕن، پێویستی خەڵكیش پڕ بۆتەوەو لەمەو بەدوا خانوو وەک ڕابردوو بازاڕی نەبێت، پرۆژەی تازەش کاتێ دێتە ناو بازار بە هیچ شێوەیەك فرۆشتنی بۆ ناکرێت لەبەر ئەوەی ڕێژەکە زیاد لە پێداویستی خەڵک دروست کراوە.
ئەمە لە لایەك زەرەر و لە لایەکەوە قازانجی بۆ خەڵکی هەیە، زەرەرەکەی ئەوەیە بۆ نموونە ئەو کەسانەی بە نیازی قازانج موڵکێك لە پرۆژەیەک دەکڕن، پارەکەیان قوفڵ دەبێت و دواتر قستیان بۆ نادرێ و ناچارن بە زەرەر بیفرۆشنەوە، لایەنی قازانجەکەیشی ئەوەیە بۆ نموونە ئێستا پرۆژە لۆکۆستەکان بە هەموو شێوەیەك ئۆفەری نوێ رادەگەیەنن، یان ئاسانکاری دەكەن لە قیستەکانیان، بۆیە ئەمە رێگایەكی باش و ئاسانە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی كرێنشینن ببنە خاوەن خانووی خۆیان.