وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ له‌سه‌ر 182 دۆنمه‌كه‌، وه‌ڵامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌ده‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌داته‌وه‌
slemani

2024-07-23

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر 182 دۆنمه‌كه‌ی‌ ئاماده‌یی كشتوكاڵی‌ به‌كره‌جۆ، وه‌ڵامی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌ده‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "باره‌گای‌ بارزانی‌ ته‌داخولی‌ كاری‌ وا ناكات".
له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌ده‌ی سلێمانی به‌ میدیای‌ گۆڕانی‌ وت كه‌ "زه‌وی ئاماده‌یی كشتوكاڵ كه‌ (182) دۆنمه‌ به‌ فه‌رمانێكی نهێنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دراوه‌ به‌وه‌به‌رهێنێك بۆ پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌ده‌ی سلێمانی ده‌ڵێت: "واسیته‌ی زۆركراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پارچه‌ زه‌ویه‌ كه‌ (باره‌گای بارزانی)یشی تێكه‌وتووه‌".
وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر تا 20ی مانگی داهاتوو 20/8/2024 فه‌رمانه‌كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، ده‌ست له‌كار ده‌كێشمه‌وه‌ و وازده‌هێنم و به‌جێی ده‌هێڵم".
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ كه‌سێك كه‌ بۆی‌ نووسیوه‌ "بۆ لێدوانێک یان ڕوونکردنەوەیەکتان نییە سەبارەت بە داگیرکردنی زەویەکەی بەکرەجۆ؟؟ ئایا ڕاستە دەڵێن بە واستەی بارەگای بارزانی کراوە؟؟ تکایە وەڵام کاک دکتۆر"، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك ده‌ڵێت: "هیچ بنەمایەکی نییە و تداخلی کاری وا ناکەن".
دواتر هه‌مان كه‌س بۆ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت: "زۆر باشە، بەڵام جەنابیشتان وەک وەزارەت دژایەتی ئەو داگیرکاریە بکەن، لەگەڵ ڕێزدا"‌.