تا 10 ڕۆژیتر هەموو شارەوانیەکان کاری دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران تەواو دەکەن
2024-07-29
وەزیری شارەوانی حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەى کارتی زانیارییان هی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە نزیکترین شوێن زەویان پێ دەدرێت و دەشڵێت: تا 10 ڕۆژى تر هەموو شارەوانیی و بەشەکان کارەکان تەواو دەکەن.
ساسان عەونى، وەزیری شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دەڵێت: سەرجەم سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی ڕێنمایی هونەرییەکان، هەرچەندە چەند گرفتێک هەبوون، بەڵام کارەکان نەوەستان و بەردەوام بوون، گرفتەکانیش درایە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێوە چارەکران.
وەزیرى شارەوانى وتیشى: دوێنێ چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانی بەڕێوەچوو، بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە بەشێک لە شارەوانییەکان لە پێناو خێراترکردنی کارەکان، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا شارەوانییەکان ئاگادار کرانەوە تا لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژ، لە هەموو شارەوانیی و بەشەکان کارەکان تەواو بکرێن.
ساسان عەونى ڕاشیگەیاند، لەهەندێک شوێن زەوی پێویستی هەیە، بەڵام لە سنووری بەشێک لە شارەوانییەکان زەوی نییە، هەر بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی پێویست تەرخان بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان هی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، لە پێدانی زەوی بێبەش ناکرێن و لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێ بوونیان زەویان پێ دەدرێت