شاخی گۆیژە ناكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبون
slemani

2024-08-06

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە شاخی گۆیژە سووتا، لە سۆشیالمیدیا وا بڵاوکرایەوە ئەو شوێنەی لە شاخی گۆیژە سووتاوە دەکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام شارەوانیی سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە.

شارەوانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "چەند ڕۆژێکە لە دوای سووتانی بەشێک لە شاخی گۆیژە، هەندێک پەیج و ڕاگەیاندنی نافەرمی باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون ئەکەن لە سەر ئەو شاخە و دامێنی شاخەکە کە دارستانی فەرمییە و ساڵانە خزمەت ئەکرێت، لێرەوە  ئاگاداری هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە هیچ پلان و بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە، ئەو دەنگۆیانەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی و دروستی نییە."

لای خۆشییەوە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ شارەوانی سلێمانی چەند ساڵێکە سەرقاڵی ئەوەن شاخی گۆیژە بکەن بە چەند زۆنێکی گەشتیاری.