دوای دوو مانگ لە دواکەوتنی سولی ڤیو یەکەکانی دوو باڵەخانەی دابەش کرد
slemani - suli view

2024-08-13

پڕۆژەی سولی ڤیو لە شاری سلێمانی لە وادەی ڕادەستکردنی دواکەوتووە، بەڵام بەرپرسێکی کۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ دەڵێت، چەند ڕۆژێکە دوو باڵەخانەی پڕۆژەکە ژیانی تێدایە و زیاتر ٨٠٪ـشی ڕادەست کراوە.  
بڕیار بوو پڕۆژەکە 1.6.2024 ڕادەستی کڕیارەکانی بکرێت، بەڵام لەو کاتەدا ڕادەست نەکراوە.  
زریان سەڵاح، بەڕێوەبەری میدیا و ماركێتینگ لە كۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ بە موڵك نیوزی ڕاگەیاند، ڕاستە دەبوو لەوکاتەدا ڕادەست بکرێن یەکەکان، بەڵام بەپێی ڕۆژی کارکردن وادەی ڕادەستکردنی یەکەکان 1.9.2024ـە.  
وتیشی، "دوو باڵەخانەیان تەواو بوون و چەند ڕۆژێکە ژیانی تێدا دەکرێت و سێ باڵەخانەکەی دیکەش وادەی ڕادەستکردنیان ساڵێکی ماوە."  
پڕۆژەی سولی ڤیو لە 5 باڵەخانەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن پێكدێت، كە تێكڕا 980 شوقەی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری جیاواز لەخۆ دەگرێت و یەكێكە لەو پێنج پڕۆژە نیشتەجێبوونەوەی كۆمپانیای ئێم جەی هۆڵدینگ لە شاری سلێمانی بوونیاتیان دەنێت.