هەولێر 10 ساڵی پڕبارانی دەوێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی
2024-08-24
هەتا دێت ئاوی ژێرزەویی هەولێر دادەبەزێت و بەڕێوەبەرێکیش دەڵێت، نزیکەی دە ساڵی پڕ بارانمان پێویستە تا ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر و دەوروبەری بگاتەوە ئاستی پێشتری.
ڕێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوودا کە وشەکساڵی بووە ئاوێکی زۆر لەژێر زەوی دەرهاتووە و بارانی پێویستیش نەبووە تا قەرەبووی ئەو دەرهێنانەی زۆرەی ئاو بکرێتەوە.
وتیشی: "بیرەکان لە دەوروبەری هەولێر لەسەرو ٤٥٠ مەتر قووڵی دەگەنە ئاو و لەناو هەولێریش نوێترین بیر لە ٦٩٠ مەتردا گەیشتووەتە ئاو، لە ناوچە شاخاوی و بەرزەکانیش لەسەرو ٣٥٠ مەترەوە دەگەنە ئاو."
موڵک نیوز زانیویەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ١٥٥٠ بیری ئیرتیوازی بوونیان هەیە.
ڕێزان سەعدی ئاماژەی بەوەش دا، پێویستیان بە نزیکەی دە ساڵی پڕ بارانە بۆ پڕکردنەوەی ئەو ئاوە بەفیڕۆچووەی ژێرزەوی.