کۆڕبەندێکی گەورەی خانووبەرە لە دووبەی بەڕێوەدەچێت
2024-09-08
وا بڕیارە لە 23.9.2024ـەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ کۆڕبەندێکی گەورە بۆ بوون بە پیشەگەری نێوودەوڵەتی لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و ٢٠ پڕۆژە و کۆمپانیای ناوخۆیی و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ناوخۆی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە.
تیمی بەڕێوەبەری کۆڕبەندەکە لە کۆمپانیای ڕامیار ئەرسەلان، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئیعمار بەڕێوەی دەبەن بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژی یەکەم کۆڕبەندەکە کۆنفڕانس دەبێت و یانزە قسەکەریش ئامادەی دەبن کە سیانیان کوردن و ئەوانی دیکەش ئیماڕاتی و خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
ئاماژەیان بەوەش دا، ئامانجیان لە کۆڕبەندەکە بەهێزترکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێم و ئیماڕات و وەرگرتنی ئەزموونی ئەوان و هاندانی وەبەرهێنەکانیانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
وا بڕیارە نوێنەری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، باڵیۆزی عێراق لە دوبەی و بەرپرسان و کەسایەتیی زەویوزاری دوبەی بەشداریی تێدا بکەن.
تیمەکە ئاشکراشیان کرد، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بە تکت و ڤیزا و هۆتێل و خواردنەوە ئامادە کراون و لە لایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن.
کۆڕبەندەکە ساڵی ڕابردوو بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای داماک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.