فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان 9.9% زیادیکردووە
2024-09-18
بە گوێرەی داتای دامەزراوەی ئاماری تورکیا کە دوێنێ سێشەممە 17ـی ئەیلوول بڵاویکردەوە، لە ئابی ئەم ساڵدا 134 هەزار و 155 خانوو و شوقە لەو وڵاتە فرۆشراون و ئەوەش بەراورد بە هەمان مانگی پار بە رێژەی 9.9% زیادیکردووە.
ئەو پارێزگایانەی زۆرترین فرۆشی خانووبەرەیان تێدا تۆمارکراوە بریتین لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر، بە جۆرێک لە ئیستەنبووڵ 19 هەزار و 467 خانوو و شوقە، لە ئەنقەرە 12 هەزار و 496 خانوو و شوقە و لە ئیزمیر 7 هەزار و 44 خانوو و شوقە فرۆشراون.
لە مانگی ئابدا فرۆشی خانووی رەهن بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 17.1% دابەزیوە و گەیشتووەتە 13 هەزار و 574 خانوو.
هەروەها فرۆشتنی خانوو و شوقەی دەستی یەکەم لە ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی پار بە رێژەی 18.7% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 41 هەزار و 913 خانوو و شوقە؛ فرۆشی خانوو و شوقەی دەستی دوو بە رێژەی 6.3% زیادی کردووە بەراورد بە هەمان مانگی پار و گەیشتووەتە 92 هەزار و 242 خانوو و شوقە.
لە مانگی ئابدا فرۆشی خانوو و شوقە بە بیانییەکان کەمیکردووە. فرۆشی خانوو و شوقە بە بیانییەکان لە ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی پار بە رێژەی 26.2% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 2 هەزار و 257 خانوو و شوقە. ئەو پارێزگایانەی زۆرترین خانوویان بە بیانییەکان تێدا فرۆشراوە بریتین لە ئیستەنبووڵ، ئانتالیا و مێرسین.
لە ئیستەنبووڵ 838 خانوو و شوقە، لە ئانتاڵیا 696 خانوو و شوقە، لە مێرسین 174 خانوو و شوقە بە بیانییەکان فرۆشراون.
لە ئابدا زۆرترین خانوو و شوقە بە هاووڵاتیانی رووسیا، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئۆکراینا فرۆشراون.
هاووڵاتیانی رووسیا 381 خانوو و شوقە، هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتیانی ئێران 171 خانوو و شوقە و هاووڵاتیانی ئۆکراینا 161 خانوو و شوقەیان لە تورکیا لەو مانگەدا کڕیوە.