سلێمانی ساڵی داهاتووش یەکەی نیشتەجێبوونی ناوێت
slemani

2024-09-22

وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ـیش خەمی یەکەی نیشتەجێبوونیان خواردووە و پێویستیان پێی نابێت.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە کاردان و ئەوانەشی دەستیان پێ نەکردووە، لە سلێمانی تا کۆتایی ٢٠٢٥ـیش کێشەی کەمیی یەکەی نیشتەجێبوونیان نابێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی موڵک نیوز لە وەبەرهێنانی سلێمانی وەری گرتووە، بەو پڕۆژانەی پەسەند کراون بۆ مۆڵەت و ئەوانەشی مۆڵەتیان هەیە و جێبەجێ نەکراون یان لە سەرەتای کارکردندا، زیاترن لە ٢٥ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، کە لە سەر و ٣٥ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان دەبێت.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی: "نازاندرێت بڕیاری ڕاگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون تا کەی دەبێت، بەڵام وەک سلێمانی ئەگەر ساڵی داهاتووش مۆڵەت نەدەین کێشە دروست نابێت."