پێشوازی لە هەر وەبەرهێنەرێک دەکەین پڕۆژەی دەشتی بەهەشت وەربگرێت
دەشتی بەهەشت

2024-09-27

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم ئاشکرای دەکات، مۆڵەتی پێشتری پڕۆژەی دەشتی بەهەشتیان لە وەبەرهێنەرە کۆنەکە وەرگرتووەتەوە و ئێستا پڕۆژەکە ئامادەیە تا بدرێت بە وەبەرهێنەری نوێ و کاری لەسەر بکات.

بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ئێستا ٩٨٪ـی وردبینیی لە گرێبەستەکانی پڕۆژەکە تەواو کراوە و ئەو گرێبەستانەی نادروست و ناڕاست بوون جیاکراونەتەوە.

وتیشی: "پێشتر دەوترا بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار یەکە لە پڕۆژەکە کڕاوە، بەڵام بەپێی گرێبەستە دروستەکان بەهای کڕینی یەکە لە پڕۆژەکەدا لەنێوان ٦٥ بۆ ٧٠ ملیۆن دۆلاردایە."

وەک وتەبێژی دەستەکە ئاشکرای دەکات، مۆڵەتەکە لە وەبەرهێنەرە کۆنەکە وەرگیراوەتەوە و قسەشیان لەگەڵ چەند وەبەرهێنەرێک کردووە، "پێشوازی لە هەر وەبەرهێنەرێک دەکەین پڕۆژەکە وەربگرێت و تەواوی بکات."