پڕۆژەمان بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان هەیە
2024-10-06
سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەولێر پلانی حزبەکەی بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان ڕادەگەیەنێت.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەولێر بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا پڕۆژەیاسایەکیان هەبووە بەناوی هاوکاریی خێزانی، کە تیایدا خێزانە هەژار و کەمدەرامەت و نەدارەکان جیادەکرێنەوە و حکومەت ناچار دەکرێت یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکات.
وتیشی: "لەم خولەشدا یەکەم کارمان زیندووکردنەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە تا پەسەند بکرێت."
بەشی مۆنیتەرینگی موڵک داتا لە سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێن و دروشمی لیست و کاندیدەکان سەبارەت بە کەرتی خانووبەرە و وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون تۆمار دەکات و دواتر بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دەکات.