کاردەکەین کرێنشین لەم هەرێمە نەمێنێت
2024-10-08
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر ئاشکرای دەکات، پلانیان هەیە کار بۆ نەهێشتنی کرێنشینان بکەن لە هەرێمی کوردستان.
شادمان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، گەشەکردنی شارەکان بە شێوەی هەڕەمەکییە و پێویستە بە دروستکردنی ئاسانکاری هاوسەنگیی لەنێوان گەشەی شار و لادێکان دروست بکرێتەوە.
وتیشی: "ئەگەر چووینە پەرلەمان یاسای وەبەرهێنان دەگۆڕین و نابێت ڕێگا بدرێت زەوی بەو شێوەیە تەخشان و پەخشان بکرێت بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە هێندە زۆر بوون تەنانەت خزمەتگوزارییەکانی خۆشیان پێ دابین ناکرێت."
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کار بۆ گێڕانەوەی مافی مافخوراوان دەکەن، کە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون زەرەرمەند بوون.
بەشی مۆنیتەرینگی موڵک داتا لە سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێن و دروشمی
لیست و کاندیدەکان سەبارەت بە کەرتی خانووبەرە و وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون تۆمار دەکات و دواتر بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دەکات.