مەرجەکانی تۆمارکردنی موڵک لەسەر کەسانی بیانی چین؟
xani

2024-10-16

لە هەرێمی کوردستان ڕێگا بەوە دراوە کە کەسانی بیانی ببنە خاوەن موڵک و لەسەریشیان تاپۆ بکرێت، بەڵام پڕۆسەکە مەرجدار کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی خزمەتی حکومەتی هەرێم، پێویستە ئەو کەسە بیانییەی موڵک لە هەرێم دەکات بەناوی خۆیەوە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی نەبێت و هیچ ڕێگرییەکی ئیداری و سەربازیی لەسەر نەبێت.

هەروەها پێویستە موڵکەکە دوورییەکەی لە ٣٠کیلۆمەتر کەمتر نەبێت لە نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ‌ و نابێت زەوییەکە کشتوکاڵی بێت. ئەوە جگە لەوەی پێویستە بنەمای هاو ڕەفتارکردن (المعاملة بالمثل) هەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتەی، کە ڕەگەزنامەی هاووڵاتییەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.

بەپێی ڕێپێدانەکەی حکومەتی هەرێم، کەسی بیانی دەتوانێت تەنها یەک موڵک بۆ نیشتەجێبوون و یەک شوێنی کار بۆ کارکردن بەناوی خۆی تۆمار بکات و ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی شارەوانی، پەیوەندییەکانی دەرەوە، پارێزگاری سنووری موڵکەکە و لایەنی سەربازیی پێویستە.

ماوەی کارەکە پێنج تا دە ڕۆژی پێدەچێت و بۆ بەناوکردنەکە ٢٪ـی نرخی خەمڵێندراوی موڵکەکەی لێوەردەگیرێت لەگەڵ چەند ڕسووماتێکی دیکەدا.