عێراقییەکان هاتنەوە ڕیزبەندی سێیەم کڕیارانی خانووبەرەی تورکیا
2024-10-19
دوای ئەوەی مانگی هەشت عێراقییەکان هاتنە ڕیزبەندیی پێنجەم کڕیارە بیانییەکانی خانووبەرەی تورکیا، بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری تورکیا لە مانگی نۆدا عێراقییەکان چوونەتەوە ڕیزبەندیی سێیەم کڕیارانی خانووبەرەی تورکیا.
دەستەکە ئاشکرای کردووە، ڕووسەکان لە کڕینی زۆرترین خانووبەرە لە تورکیا لە ماوەی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا لە پێش هەموو وڵاتان بوون بە ٣٤٦ خانوو، ئێرانییەکان بە ١٦٣ خانوو لە پلەی دووەمدا هاتوون، عێراقییەکان بە ١٣٩ خانوو پلەی سێیەمیان بەدەست هێناوە. پاشان ئەڵمانییەکان بە ١١٣ خانوو پلەی چوارەمیان بەدەست هێنا، ئۆکراینییەکان بە ٩٧ خانوو پلەی پێنجەمیان بەدەست هێنا، ئازەربایجان بە ٨٧ خانوو پلەی شەشەمی بەدەست هێنا، کازاخستان بە ٨٧ خانوو پلەی حەوتەمی بەدەست هێناوە و کوێت بە ٧٣ خانوو پلەی هەشتەمی بەدەستهێناوە.